کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: پێویستە شار بە پاڵپشتیی خەباتی شاخ لە هەوڵ و تێکۆشانی خۆی بەرەدوام بێت

20:31 - 29 رەشەمه 2721

"مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ساڵی نوێی کوردی پەیامێکی بڵاو کردەوە؛ لەو پەیامەدا هاتووە، بۆ دەربازبوون لە دۆخی بندەستی و گەیشتن بە داهاتوویەکی دیار، پێویستە نەتەوە بندەستەکانی ئێران گوتاری هاوبەشی خۆیان بۆ گەیشتن بە سەروەریی نیشتمانی و ڕزگاری، چڕتر بکەنەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانییانی هێژا!

خەڵکی بەئەمەگ و خۆڕاگری کوردستان!

لە کاتێکدا بەرەوپیریی ساڵی نوێ دەچین، پێویستە ئاوڕێک بدەینەوە سەر هێندێک ڕووداوی گرینگ کە لە ساڵی ڕابردوودا ڕوویان دا و کاریگەرییان لەسەر دۆخی گشتیی کوردستان و ئێران  داناوە و پێوەندییان بە ڕەوتی بەردەوامیی خەبات و خۆڕاگریی نەتەوە بندەستەکانی ئێران بەرانبەر بە ناوەند هەیە.

گرینگیی ئەم باسانە لەوەدایە کە ڕووداوەکان بە دیوێکی دیکەدا لێک بدەینەوە. تێگەیشتنێکی هاوبەش لە ژینگەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی ئێران بەدەستەوە بدەین، بۆ ئەوەی وەکوو کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، داهاتووی خەباتەکەمان لەبەرچاو بێت.

هەڵبژاردنەکان

لەم ساڵەدا، جارێکی دیکە شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری بەڕێوە چوو. بەدەر لە ماهییەت و نێوەرۆکی ئەم شانۆسازییە، ئاکامەکانی بۆ ئێمە گرینگ بوو. پێکهاتەی چەواشەکارانە و دژە دێموکراتیکی ئەم هەڵبژاردنە، قووڵایی ململانێ نێوخۆیییەکانی دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ڕوونتر کردەوە.

بژاردەی "بایکۆت" تەنانەت لەلایەن ئەو ڕەوت و لایەنانەی کە کۆڵەکەی قورس و قایمی دەسەڵات بوون، مانادار بوو. ئەم هاودەنگییە نوقتە گۆڕانێک بوو لە مێژووی سیاسیی ڕێژیمدا. مافیای سپای پاسداران لەژێر ڕێنوێنیی بەیتی ڕەهبەری، چڕوپڕتر لە ڕابردوو، جومگەکانی دەسەڵاتی بەدەستەوە گرت. سەلماندنەوەی بێ‌متمانەیی خەڵک بە دەسەڵات و ڕوونتربوونەوەی بێ‌متمانەیی دەسەڵاتداران بە یەکتر، ئاماژە گرینگەکانی ئەم هەڵبژاردنە بوو.

شەپۆلە ڕووخێنەرەکانی دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان لە ساڵی ڕابردوو کە دەسەڵاتی کردە ئامانج، لە ڕووی جوغرافیای سەرهەڵدان و ڕادەی بەربڵاوبوونیەوە شیاوی سەرنج و تێڕامانە. ڕادەی ناڕەزایەتییەکان، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە ڕادەی چەوساندنەوە و ستەمەوە هەیە. لەم هاوکێشەیەدا، پەیوەندیی "جوغرافیای سەرکوت" و "جوغرافیای سەرهەڵدانەکان" زیاتر ڕوون دەبێتەوە.

نائەمنکردنی ژینگە

ئەگەرچی خۆپێشاندانەکانی ئەهواز لەم ساڵەدا، لەبەر نەبوونی ئاو و خزمەتگوزاری دەستی پێکرد، بەڵام ڕیشەکەی بۆ چەوساندنەوە و ستەمی چەندقات و لە گەشە خستنی ئەو ناوچە نەتەوەییە دەگەڕێتەوە. ئەم ڕووداوە خوێناوییە لە درێژەی شەپۆلەکانی پێش خۆی، بە دروشمی پێکهاتەشکێنانە و ڕووخان، کۆڵەکەکانی دەسەڵاتی وەلەرزە خست.

هەرێمی ئەهواز کە هەرێمێکی دەوڵەمەند و بەپیتی سامانە سروشتییەکانە، بەهۆی گواستنەوەی لە ڕادەبەدەری ئاوەکەی، لەگەڵ قەیرانی بێ‌ئاوی و وشکەساڵی بەرەوڕوو بووەتەوە. بە ڕادەیەک کە دانیشتوانی، ئاوی خواردنەوەشیان بەزەحمەت دەست دەکەوێت.

چۆڵکردنی گوندەکان و کۆچ بەرەو ناوچەکانی دیکە، لەنێوچوونی ژێرخانی وەرزێڕی، کەوتنە مەترسیی ژینگەی گیانلەبەران و دەیان دیاردەی دیکەی لەو چەشنە، لێکەوتەکانی ئەم قەیرانە دەستکردەی ڕێژیم  و مافیای سپای پاسدارانن کە ئامانجی سیاسی و ئەمنییەتییان لەپشتە.

ئەم دۆخە، دۆخی داگیرکارییە کە تیایدا سیاسەتی بەتاڵانبردن و سەرکوتی بەدواوەیە. دۆخێک کە  لە هەرێمە نەتەوەییەکانی دیکەش بوونی هەیە. توندوتیژیی سیستماتیک، وەک ڕەوتێکی سروشتی خۆی دەنوێنێت کە ڕیشەی لە پێکهاتەی فکری و جیهانبینیی کۆماری ئیسلامیدایە. لەم جیهانبینییەدا، مرۆڤایەتی و تەنانەت ژینگەش پارێزراو نین.

نائەمنکردنی شوناس و ناسنامە

ڕەهەندێکی دیکەی دۆخی ستەم و بندەستی، پرسی زمان و نائەمنکردنی ناسنامەیە. سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە پرسی ناسنامە و پرسی نەتەوەکان لە ئێراندا، سیاسەتی مەرگ بووە. بەئەمنیکردن، بەکەمینەکردن، خستنەپەراوێز و تواندنەوەی ناسنامەکان، هەوێنەکانی ئەم سیاسەتەن.

کاتێک باس لە ئاسایشی ناسنامە دەکرێت، مەبەست کۆی ئەو هەلومەرجەیە کە یەکەیەکی نەتەوەیی، بە پاراستنی هەموو تایبەتمەندییەکانیەوە، توانای خۆبەڕێوەبەری و مانەوە و گەشەی هەبێت. واتە هەر سیاسەت، ڕووداو یان پڕۆسەیەک کە بوون و مانەوەی ئۆرگانێکی ئەم یەکەیە بکاتە ئامانج، بە تێکدانی ئاسایشی ناسنامە پێناسە دەکرێت. لە کوردستان و هەرێمە بندەستەکانی دیکە، سیاسەتی بەئەمنیکردنی پرسی زمان بەردەوامە. چاودێری و داخستنی ئەنجومەنە ئەدەبی و فێرکارییەکان، دەسبەسەرکردن و ڕەشگبیریی چالاکانی ئەو بوارە، نوێنگەکانی ئەم سیاسەتەن.

مانگرتنی مامۆستایان

بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان بابەتێکی دیکەی گرینگی ساڵ بوو. مانگرتنی مامۆستایان یەکێک لە ڕێکخراوترین و سەرانسەریترین مانگرتنەکان بوو. بزووتنەوەی بوێرانەی مامۆستایان دژی بەڵێنیی درۆیینی دەوڵەت و مەجلیس سەبارەت بە مەسەلەی پلەبەندی، پێڕانەگەیشتن بە دۆخی بژیو و داهاتی خانەنشین‌کراوان، هەروەها سەرکوت و وەدەرنانیان، لە چەند قۆناغێکدا بەڕێوە چوون. دروشـمی سەرەکیی مامۆستایان دژ بە ڕێژیم و دژی ناعەداڵەتی، گەندەڵی، بێ‌مافی و زیندانیکردنی هاوپیشەکانیان بوو.

سەرکوتی زانکۆکان

داخستن و پشووی زانکۆکان لە سەردەمی کۆرۆنا، سەرەڕای ئەوەی کە بزووتنەوەی خوێندکاریی شل کردەوە، هاوکات بوو بە دەرفەتێک تاکوو سەرکوت لە زانکۆکان خێراتر بێت. لەم ماوەیەدا، سەرکوتی چالاکانی خوێندکاری و گرتن و زیندانیکردن و وەدەرنانی مامۆستایانی زانکۆ پەرەی ئەستاند. ئەم ڕووداوانە، پاکانە حیسابی سیاسی لەگەڵ خوێندکاران و مامۆستایانی جیابیر بوو.

جیهادی تەبیین

بابەتێکی دیکە، ڕاگەیاندنی جیهادی تەبیین بوو لەلایەن عەلی خامنەییەوە. ئەم ڕووداوە درێژەی مانیفێستی کۆماری ئیسلامییە بۆ داهاتوو کە بە "هەنگاوی دووەم" دەناسرێتەوە. جیهادی تەبیین، جۆرێک بانگهێشتی جیهادییە بۆ سنووربەندی و بەرەنگاربوونەوەی دوژمنانی دەستکردی ڕێژیم. پەرەپێدان بە تەبلیغی مەزهەبی و سیاسی بۆ بەهاکانی شۆڕش و هەروەها بەهێزکردنی ڕەوتی شیعەگەری لە وڵاتانی دیکە، ئامانج و  ئاراستەی ئەم جیهادەیە.

قووڵتربوونەوەی قەیرانەکان

ئەزموونی کۆماری ئیسلامی، ئەزموونی کەڵەکەبوونی قەیرانەکانە. دەکرێت کۆی ئەم قەیرانانە لەژێر ناوی "قەیرانی پێکهاتەیی" دەستەبەندی بکرێن. کۆمەڵێک قەیرانی ئاڵۆز و تێکچنراو، وەک قەیرانی بەڕێوەبەری، قەیرانی ڕەواییدان، قەیرانی نەتەوە و دەوڵەتسازی و قەیرانی بەشداربوون، تەنگیان بە کۆماری ئیسلامی هەڵچنیوە و ئاماژەکانی بنبەستی سیاسی زیاتر خۆیان دەردەخەن. تا ئێستا، ئەنجامەکە ئەوە بووە کە حکومەت لە بەرەوپێشبردنی پڕۆژەی دەسەڵاتی ئایینی- ئیدئۆلۆژیکی خۆی، لەگەڵ بنبەست بەرەوڕوو بووەتەوە و چەقیوە.

کەیسەکانی گەندەڵی لە مافیاکانی دەسەڵات

ئاشکراتربوونی کەیسەکانی گەندەڵی، خاڵێکی دیکەی شیاوی سەرنجە. لە یەک ساڵی ڕابردوودا، لە زمانی بەرپرسان و کەسایەتییە دیارەکانی دەسەڵاتەوە، بە مەبەستی سیاسی، بەشێک لە گەندەڵییەکانی دامودەزگاکانی حکومەت لەقاو دران. لە نموونەی دواییدا، فایلێکی دەنگیی بەشێک لە گەندەڵییەکانی مافیای سپای پاسداران و دەسەڵات بەدەستەکانی نزیک لە عەلی خامنەیی و بەیتی ڕەهبەری بڵاو بووەوە. ئەوەش دەرکەوت کە  چلۆن چاوپۆشی لە گەندەڵییەکان کراوە. تەسەورێک کە ڕای گشتیی ئێران لە گەندەڵی و تاڵانکارییەکانی مافیاکانی سەر بە دەسەڵات هەیەتی، زۆر بەربڵاوترە لەو ڕادەیەی کە تا ئێستا باسی لەسەر کراوە.

بەئاگا هاتنەوەی زیاتری ڕای گشتی

هەست بە بێبەشی و چەوساندنەوە، تێگەیشتنێکی هاوبەشی لە هێزی ڕووخێنەر و پاشکەوتووی کۆماری ئیسلامی دروست کردووە. ئەم هەستە کە زۆر جاران لای بەشێکی خەڵک تەنیا بارێکی زەینی و دەروونیی هەبووە، بەهۆی بەردەوامبوونی قەیرانەکان، گۆڕانکارییەکی فیکری بەدوای خۆیدا هێناوە.

گەندەڵیی سیستماتیک، هەڵاواردنی کۆمەڵایەتی، ناکارامەبوونی یاساکان، بەڵێنە بێ‌کردەوەکان، ئیستبدادی دینی و دەیان دیاردەی دیکەی لەم چەشنە، دەرفەتی ژیانێکی ئاسایی بۆ دانیشتوانی سەر جوغرافیای ئێران لەبار بردووە. بە گوتەی شارەزایان، هێڵی هەژاری بەڕادەیەک بەرز بووەتەوە کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا بێ‌وێنە بووە. مانگرتن و ناڕەزایەتیی ژنان، کرێکاران، جووتیاران، مامۆستایان، پەرستاران، پەراوێزنشینەکان، بنەماڵەی قوربانییان و زیندانییانی سیاسی و توێژەکانی دیکەش، لەم هەستەوە سەرچاوە دەگرێت. ڕێژیم بە پاساوی پیلان و دەستێوەردانی دوژمنان، گوشارەکانی زۆرتر کردووە.

چەمکی دوژمن، چەکێکی سەرەکیی ڕێژیمە بۆ سەرکوتی هەر جۆرە دەنگ هەڵبڕینێک. ڕێژێمیک کە بە بانگەشەی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی، ئەمنییەت و ئاسایشی ناوچەیی لەگرێژەنە بردووە، لە نێوخۆشدا ئەم شۆڕشەی تا ناخی کۆمەڵگا هەناردە کردووە. دروشمی بەرگری لە موستەزعەفین لە دەرەوەی سنووورەکان، شەپۆلی بێ‌ئامانی هەژارانی لە  نێوخۆی ئێران وەڕێ خستووە.

بەرجام

لەم دۆخە نێوخۆییە و لە بەستێنی هاوکێشە و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا، ڕوونە کە هەر جۆرە ڕێککەوتنەوەیەک لەسەر بەرجام یان لە دەرەوەی بەرجام، تەنیا بۆ دوو مەبەستە، یەکەم، بەڕەسمی ناسینی ڕێژیمی سەرکوت و زەمانەتکردنی واقعییەتی کۆماری ئیسلامی لەلایەن دنیای دەرەوە، دووەم، دابینکردنی باری دارایی و دەستڕاگەیشتنی بە کاناڵە ماڵییەکانە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی لە نێوخۆ و دەرەوە.

هاوکات لەگەڵ پەککەوتنی وتووێژەکان بە هۆکاری "دەستێوەردانی دەرەکی"، جەمسەربەندیی سیاسیی وڵاتانی ناوچە و ڕۆژئاوا بە هۆی شەڕی ئۆکراینەوە زیاتر زەق بووەتەوە. کۆماری ئیسلامی بەهۆی دەستپێکردنەوەی هێرشە مووشەکییەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، لەبەرەی شەڕانگێزانە و دیکتاتۆریدا  بەردەوامە.

ئەوەی ڕاستی بێت کۆماری ئیسلامی بە بەرجام و بێ بەرجام، جەوهەرێکی نەگۆڕی هەیە. ئەوەی لەم نێوەدا ئاسایشی لە مەترسیدایە، کۆمەڵگاکانی ئێران و ناوچە و جیهانن.

گەشەی بیری ئازادی و  نەتەوەیی لە هەرێمە بندەستەکان

سەڕەڕای ئەو کەشە کە بەسەر ئێراندا زاڵە، ڕەوتی بەئاگابوون و بەخۆداهاتنەوەی نەتەوە بندەستەکانی ئێران، ئاماژەیەکی سەرەکین. پەرەئەستاندنی ڕەوتی ڕاپەرین و ناڕەزایەتییەکان لە پەراوێزەوە بۆ ناوەند، ئەگەرچی بە شێوەی ڕێژەیی خۆی دەرخستووە، بەڵام جێی سەرنجن. وەک بەراوردێک، ئەگەر چی بزووتنەوەی سەوز کە نوێنگەی پڕۆژەی چینی مامناوەندی شاری بوو و داوای دەنگەکانیان لە ڕێژیم دەکردەوە، بەڵام شەپۆلە ڕووخێنەرەکانی ساڵی ١٣٩٨ و دواتر لە ساڵی ١٤٠٠، تەخت و بەختی ڕێژیمیان کردە ئامانج. گوتاری ڕووخان، زیاتر لە ڕابردوو، گوتاری سەرەکیی سەر شەقامەکان بووە، بە تایبەت لای نەتەوە بندەستەکان.

ڕۆژهەڵاتی کوردستان و یەکخستنی ناوماڵی کورد

ئەم ساڵەی ڕابرد، سیاسەتی سەرکوتی ڕێژیم و سیاسەتی بەرگریی کورد لە ڕۆژهەڵات شان بە شانی یەک بەردەوام بوون. ڕەوتی ئێعدام و زیندانیکردن و ڕەشبگیریی چالاکان و ڕۆڵە ئازادیخوازەکان و کوژرانی کاسبکاران بەردەوام بووە. بەڵام هەستی نەتەوەیی و خۆڕاگریی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات پتر گەشەی کردووە. پێویستە شار وەک چەقی خەباتی لێکگرێدراو و جەماوەری، بە پاڵپشتیی خەباتی شاخ، لە  هەوڵ و تێکۆشانی خۆی  بەرەدوام بێت، ئەم هاوخەباتییە بە زیندوویی بمێنێتەوە و بەهێزتر بێت. نوێنگەیەکی ئەم هاوخەباتییە، پەیوەستبوونی پۆل پۆل لە کوڕان و کچانی نیشتمان بە سەنگەری ئاوەدانی شاخ و ڕیزەکانی پێشمەرگایەتییە کە بە خۆشییەوە بەردەوامە.

بۆ دەربازبوون لە دۆخی بندەستی و گەیشتن بە داهاتوویەکی دیار، پێویستە نەتەوە بندەستەکانی ئێران گوتاری هاوبەشی خۆیان بۆ گەیشتن بە سەروەریی نیشتمانی و ڕزگاری،  چڕتر بکەنەوە. یەکخستنەوەی نێوماڵی حیزبەکان، زەروورتێکی مێژووییە و زیاتر لەوەی کە پرسێکی نێوخۆیی حیزبەکان بێت، پرسێکی نێوخۆییی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتە. دەبێ هەوڵەکانمان لەم پێناوەدا شێلگیرانەتر بێت. بێ گومان، داهاتوو و چارەنووسی بزووتنەوەی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵات، گرێدراوە بە یەکڕیزیی نێوماڵی کورد و حیزبەکانیەوە. لەم بۆنەیەدا، ڕایدەگەیەنم کە پرۆسەی وتووێژەکانی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی دێموکرات، بە باشی قۆناغەکانی دەبڕێت و هیوادارین کە بگاتە  کۆتا ئەنجام، کە ویستی زۆربەی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات و دۆستانی حیزبی دێموکراتە. پێویستە خەڵکی خۆڕاگری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە یەكڕیزی و هاوپشتی، جارێکی دیکە نەورۆز بکەنە هەوێنی هاوخەباتی و پێکەوەبوون و ئاگری ئەمساڵ لەسەر پشتی داگیرکەر دابگیرسێنن.

لێرەوە سەری ڕێز بۆ شەهیدان و بنەماڵەکانیان دادەنوێنم. سڵاوی ئەمەگناسانە بۆ قارەمانانی نێو زیندانەکان. سڵاوی وەفا بۆ تێکۆشەرانی سەنگەری بەرگری لە ناسنامەی نەتەوەیی و کوردایەتی.

سڵاو لە ئەندامان و لایەنگران.

سڵاو لە  پێشمەرگەکانی شار و شاخ.

سڵاو لە خەڵکی ئەمەگناس و خۆڕاگری کوردستان.

نەورۆز لە کوردستان و کورد پیرۆز بێت.

لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری

نه‌ورۆزی ٢٧٢٢ی كوردی