کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری پەیامێکی روو لە خەڵکی کوردستان بڵاو کردەوە + ڤیدیۆ

15:06 - 5 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لە پەیامێکدا روو لە خەڵکی کوردستان و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و پارت و رێکخراوەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی تەواوی قسەکانی مستەفا هیجری بەم چەشنەیە کەلە رۆژهەڵات تی‌ڤی‌دا بڵاو بووەتەوە:

لە تەلەفزیۆنی \'\'رۆژهەڵات\'\'ەوە سڵاو دەنێرم بۆ هەموو پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

دەمەوێ لە پێوەندی لەگەڵ مەسەلەی ئەو رووداوەی کەلە کوردستان هاتۆتە پێشێ و شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و گەریلاکانی پێ‌کاکا رووی داوە، چەند خاڵێکتان بخەمە بەر نەزەر.

هەموو لایەک دەزانن کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران حیزبێکی شەڕخواز نەبووە و ئێستاش حیزبێکی شەڕخواز نییە. ئێمە هیچ لایەنێک بە دوژمنی خۆمان نازانین بێجگە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەموو کار و تێکۆشانی ئێمە لە پێوەندی لەگەڵ زەربە لێدان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران و کار کردن بە دژی رێژیمی جمهووری ئیسلامیی ئێرانە بە مەبەستی دیفاع لە مافە پێشێل کراوەکانی خەڵکی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات. لەو رووداوەشدا ئەو خەبەرانەی بە من گەیشتووە، هاوڕێیانی ئێمە لە مەنتەقەدا هەموو حەولی خۆیان داوە کەلە خاکی خۆیاندا، لە منتەقەی خۆیاندا هاتوچۆ بکەن، بیانهەوێ لەگەڵ خەڵکی خۆمان پێوەندی بگرن، بەڵام بەداخەوە پەکەکە پێشیان پێ گرتوون و لە راستیدا مانع بوونە لەوەی کە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە مەنتەقەدا هاتوچۆ بکەن.

ئێمە هیوادارین کە ئەو بەرنامەیە، بەرنامەی گشتیی رێبەرایەتیی پەکەکە نەبێ و هەڵەیەک بێ کە لەلایەن بەرپرسانی ئەو مەنتەقەوە رووی دابێ، چونکە ئەگەر ئەوە نەبێ، ئەو ئیقدامە و ئەو بەرنامەی پەکەکە دەچێتە خانەی یارمەتیدان بە دوژمنان، بە بەهێزترین و بە زاڵمترین دوژمنی کورد لە مەنتەقەدا کە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

ئەمن پێم وایە کە ئێمەی کورد دەبێ لە مێژوو فێر بین کە ئەگەر لەگەڵ یەکتری کێشەیەکمان بۆ هاتە پێشێ، بتوانین لە رێگای دۆزینەوەی رێگەچارەی ئاشتی و دۆستانەوە بتوانین حەلی بکەین، چونکە ئێمە بەرژەوەندیمان، قازانجمان هەمووی پێکەوە بەستراوەتەوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران، یان دوژمنانی دیکە رەنگە بۆ ماوەیەک لە یەکێکمان ئیستفادەی کردبێ بە دژی ئەوی دیکە، بەڵام لە واقیعدا ئەوەی کە دۆست و پشتیوانی یەکترین دەبێ گەلی کورد بین بە تایبەت لەو دۆخە ئاستەمە سیاسییەدا کەلە مەنتەقەدا هاتۆتە پێشێ.

من داوا لە هەموو چین و توێژەکانی کوردستان دەکەم بەتایبەتی لە خۆرهەڵاتی کوردستان کە بە نسیبەت ئەو شێوە سیاسەتەی کە پەکەکە گرتوویەتە پێشێ، بێ دەنگ نەبن و هێزی خۆیان و توانای خۆیان لە هەر رێگایەکەوە بۆیان دەکرێ، بخەنە سەر پەکەکە کە لەو شێوە سیاسەت و رەفتارانەی کە لەگەڵ حیزبە سیاسییەکانی کورد لە بەشەکانی کوردستاندا بەکاری دێنێ، پاشگەز بێتەوە و لە باتی دوژمنایەتی و حەولدان بۆ تەزعیف و لاوازکردنی لایەنەکانی دیکەی کوردی، حەول بدات لەو هێز و توانایەی کە هەیەتی بە قازانجی نەتەوەیی گەلی کورد و باقی حیزبە سیاسییەکان کەلە خزمەتی ئامانجی خەڵک دان، کەڵک وەر بگرێ.

ئێمە هیوادارین کە ئەو کێشەیە پەرە نەگرێ و ئێمە لەلایەن خۆمانەوە نە دڵخۆشین بەو مەسەلەیە و نە لە حەولی ئەوە داین کە ئەو مەسەلەیە پەرە پێ بدەین و هیوادارم کە پەکەکە، دۆستانی پەکەکە هەر لەو رێگایەوە و هەر بەو شکڵە کەڵک وەرگرن لە مەوقەعییەتەکە و ئەو پێوەندییە کە نێوانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پەکەکە لە ساڵانی رابردوودا بووە، هەر لە جێگای خۆیدا بمێنێتەوە و ئەو مەسەلەیە و ئەو رووداوە خەوشەداری نەکات.

داوام ئەوەیە کە خەڵک لەسەرخۆ بن، ئارام بن و لە واقیعدا کارێک نەکەن کە دوژمنانمان لەوە زیاتر پێمان دڵخۆش بن لەو مەوقعیەتە حەساسەدا. ئەرکی ئێمە لە هەلومەرجی ئێستادا به یەکگرتوویی و پشتی یەکتر گرتن و روو لە دوژمن کردنە کە ئێستا بەهێزترین و گەورەترین دوژمنی گەلی کورد لە هەموو بەشەکاندا کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

داوای سەرکەوتنتان بۆ دەکەم و داوای یەکگرتوویی و هاوپشتیوانیتان لێ دەکەم بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و باقی هێزە سیاسییەکانی کورد کەلە راستای قازانج و بەرژەوەندیی نەتەوەیی هەنگاو هەڵدەگرن و فیداکاری دەکەن.

زۆر سپاستان دەکەم