کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: کوردستانی ڕۆژهەڵات ئامادەیی ڕاپەڕینی هەیە

12:20 - 29 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕووداوەکانی ئێستای ناوچەکە دەرخەری ئەوەیە ئەگەری هەڵایسانی شەڕ هەیه و حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردستانی ئێرانیش ڕێکخراوتر کار دەکەن.

"مستەفا هیجری"، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وتووێژێكدا لەگەڵ "دەنگی ئامریکا"، لە بارەی دوایین ڕووداوەکانی ناوچەکە باسی لەوە کرد، ئیقدام و هەڵوێستەکان دەرخەری ئەوەیە کە ئەگەری هەڵایسانی شەڕ لە ناوچەکەدا هەیە.

هیجری لەو وتووێژەدا باسی لەوە کردووە، دەوڵەتی ئامریکا بەتایبەتی ترامپ و ڕێبەری ڕێژیمی ئێران عەلی خامنەیی ڕایانگەیاندووە، کە نایانەوێت شەڕ بکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زەمینەی شەڕ هەیە.

ناوبراو لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئامریکا هەموو هەوڵەکانی بۆ ئەوەیە ئێران ڕەفتارەکانی بگۆڕێت، ئایا ئێران ڕەفتارەکانی دەگۆڕێت؛ باسی لەوە کرد: ئەوەی کە تا ئیستا دیومانە لە ئێران؛ بەڵێ ئێران ڕەفتارەکانی دەگۆڕێت لەژێر هێرش و مەترسیدا، کاتێک ترسی ئەوەی هەبێت حکوومەتەکەی بەرەو ڕووخان دەچێت دەچێتە سەر میزی وتووێژ، لە ڕێککەوتنی بەرجامدا ئەو ڕێژیمە دوای ١٠ ساڵ دوای ئەوەی کە گەمارۆوە ئابوورییەکان ئاستی ئابووریی ئێرانیان گەیاندە خاڵی سفر، ئێران ملکەجی مەرجەکانی ئورووپا بوو.

لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات لەو وتووێژەدا باسی لەوە کرد، هەموو هەوڵی ئێمە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی ئەوەیە ڕێگای پێکەوەسازان و لێک نزیکبوونەوە بگرینە بەر. هاوکات ئۆپۆزسیۆنێکی بڵاوە و بەرنامەیەکی دیاریکراویان نییە ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی کە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک نەتوانێت ڕێکخراوتر بێت.

هیجری لەو وتووێژەدا باسی لەوە کردووە، ئێمە لە ساڵی ٩٥ خەباتێکی نوێمان بە ناوی ڕاسان کە فرەڕەهەندە لە کوردستانی ئێراندا دەست پێ کردووە و دواتر ئێمە لەگەڵ لایەن و حیزبەکانی کوردستانی ئێران ناوەندێکی هاوکاریمان پێک هێناوە بۆ خەباتی دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران.

لە بارەی ئەوەی کە کورد لە کوردستانی ئێران لە ئاستێکدا لە بواری ڕاپەڕین ئامادەیە، باسی لەوە کرد، کوردستانی ڕۆژهەڵات زیاتر لە بەشەکانی دیکە ئامادەیی هەیە بۆ ڕاپەڕین و ئێستاش زیاتر ئامادەیی هەیە ئەوەش بۆ سوننەتی مێژوویی هەمیشە حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن تێکۆشانیان بووە، خەڵکەکە سیاسیتر و ڕێکخراوترە، بۆیە خەڵک ئامادەیی ڕاپەڕینی زیاترە و ڕێژیمی ئێرانیش ئەو ڕاستییە دەزانێت کە کوردستان ئامادەی ڕاپەڕینه.

لە کۆتایی وتووێژەکەدا لە وڵامی ئەو پرسیارە کە پەیامی ئێوە بۆ ئەو بەکرێگیراوانەی کە بەدژی ئێوە شەڕ دەکەن چییە؟ هیجری باسی لەوە کرد، ئێمە پێشتریش پەیاممان داوە بەو هاووڵاتییانە کە ئێستا ڕێژیمی ئێران بەرەو ڕووخان دەچێت پشت لەو ڕێژیمە بکەن و چەک دابنێن.