کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: کێشە نێوخۆییەکان زیاتر پەرە دەگرن، لەبــەر ئەوەیکــە ئــەو ناتەباییانه بەرهەمی سیاسەتێکی غەڵەتە

20:54 - 31 بانەمەڕ 2718

خوێنەرانی بەڕێزی "کوردستان"؛ ڕێکەوتی ٢٥ی بانەمەڕ ڕێزدار مستەفا هیجری لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ "تیشک‌تی‌ڤی" وڵامی هەندێک پرسیاری پێوەندیدار بە پرسی هاتنە دەرەوەی ئامریکا لە بەرجامی دایەوە کە لەبەر گرینگی باسەکە، لێرەدا دەقاودەق دەخرێتە بەر دیدی ئێوەی خۆشەویست:

دیمانە: سابیر فەتاحی

هاتنەدەری ئامریکا له بەرجام چ دەرئەنجامێکی دەبێت؟

بە بۆچوونی من ئاکامەکەی ئەوە دەبێ کە بەشێک لەو گەمارۆیانەی لەسەر ئێران نەمابوون بگەڕێنەوە؛ کە بریتییە لەو گەمارۆیانەی کە لە زەمانی ئۆبامادا لەسەر ئێرانیان فەرز کردبوو، چوونکە مەجمووعەیەکی دیکە گەمارۆ هەبوون، کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری لەسەر دابوو و هێندێکیان وڵاتانی ئورووپایی بڕیاریان لەسەر دابوو. جارێ ئێستە ئەم دوو بەشە ناگەڕێنەوە، بەڵام ئەوانەی ئامریکا داینابوون دەگەڕێنەوە سەر ئێران و ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی دۆخی ئابووریی ئێران بەرەو خراپتربوون بچێ و کێشەکانی نێوخۆیی ڕێژیم بن و ئەو ڕەوتە درێژەی هەبێ هەتا ئەو کاتەی کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناچار بێ بێتەوە سەر مێزی وتووێژ بۆ سازان لەسەر ئەو ویست و داخوازییانەی کە حکوومەتی ئامریکا ئێستا هەیەتی.

باستان لە کێشە نێوخۆییەکانی ڕێژیم کرد، لەو ڕاستایەدا لە یەک دوو ڕۆژی ڕابردوودا یەکێک لە سەرانی مەجلیسی خوبرەگانی ڕێژیم وتوویەتی کە "خامنەیی لەسەر ویستی دەوڵەت بەرجامی قەبووڵ کردووە و ڕۆحانی هێڵە سوورەکانی بەزاندووە، بۆیە دەبێت ڕۆحانی داوای لێبوردن لە خامنەیی و خەڵک بکات" لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە ئایا ئەو کێشانەی باسمان کرد فۆرماڵیتەن یان نا کێشەکان جیدین؟

نا، کێشەکان جیددین، چونکە تاکوو ڕێژیم بەرەو لاوازی دەچێ خەڵکی ئێران بەو جۆرەی کە بە لانیکەم لە یەک ساڵی ڕابردوودا دەستیان پێ کردووە، بەربەرەکانێی خۆیان دژی ڕێژیمی ئێران درێژە دەدەن، هەتا ئەو کاتەی کە قەیرانەکان لە ئێراندا چارەسەر نەکرێن، کێشە نێوخۆییەکان زیاتر پەرە دەگرن، لەبەر ئەوەیکە ئەو ناتەباییانە بەرهەمی سیاسەتێکی غەڵەتە؛ ئەو سیاسەتە غەڵەتە ئێستا کەس حازر نییە قەبووڵی بکا و وەئەستۆی بگرێ، هەر کەس دەیخاتە ئەستۆی ئەوی دی. هەروەک دەیبینین ئەوجارەش وەک هەمیشە وەلی فەقیهـ خەتاکانی خستە ئەستۆی دەوڵەت و دەوڵەت دەیخاتەوە ئەستۆی وەلی فەقیهـ، کە لە هەموو شتێک ئاگادار بووە و لێرەدایە کە کێشەکان زیاتر دەبن.

بەدیلی ڕوونی ئامریکا بۆ بەرجام چییە؟ گەڕانەوەی دووبارەی گەمارۆکان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ترامپ لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەرجامی وەک یەکێک لە خراپترین قەراردادەکانی مێژووی ئامریکا ناو دەبرد و ئەوکات ڕایگەیاند کە لە بەرجام دێتەدەر و ئێستاش کە هەڵبژێردراوە بۆ سەرکۆماری، دەبێ ئەو دروشمە عەمەڵی بکات، ئەویش پێی وایە ڕێژیم بەو قەراردادە دەستی ئاوەڵاتر بووە لە پێوەندی لەگەڵ یارمەتیدانی زیاتری تێرۆریستەکان و دوای ماوەی دیاریکراو لە بەرجام، کە ئەگەر هەڵە نەکەم ١٥ ساڵە دووبارە دەستی ئاوەڵا دەبێ لە پیتاندنی ئۆرانیۆم؛ بەتایبەتی هێندێک بەڵگەی ڕوون لەو پێوەندییەدا لەو ماوەیەدا هاتوونەتە ئاراوە کە دەریدەخەن کۆماری ئیسلامی هەر بە فکری دەسپێراگەیشتن بە چەکی ناوکی و پیتاندنی ئۆرانیۆم بووە و لەو ماوەیەدا درۆی کردووە لەگەڵ کۆمەڵگای نێونەتەوەیی؛ لە لایەکی دیکەشەوە دەستێوەردانی لە وڵاتانی ناوچەکە، یەکێک لە ئامانجەکانی ئامریکا ئەوەیە دەستێوەردانەکانی ئێران لە وڵاتانی ناوچە کەم بکاتەوە، ئەوە بوو کە دیتمان لە ڕاگەیاندنەکانیاندا نیشانیان دا ڕێژیم بۆ دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانەی عێراقدا بڕێکی یەکجار زۆر پووڵی ئامادە کردبوو کە لە سنووردا گیران. ئامریکا دەیهەوێ دەستی ڕێژیمی ئێران لەو کارانە کورت بکاتەوە و تا ئەو کاتەی کە ئەو ئامانجانەی دێتە دی، هەم گەمارۆکانی پێشوو وەگەڕ دەخرێن و هەم گەمارۆی تازە دەخاتە سەر ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران.

باستان لە دەستێوەردانەکانی ئێران لە وڵاتانی ناوچەدا کرد و ئێستاش ئامریکا وا دەنوێنێت کە نایەوێت ڕاستەوخۆ دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی ئێراندا بکا و بە سەرنجدان بە ئەزموونەکانی پێشوو لە وڵاتانی لیبی، کوبا، کۆرەی باکوور و یەک دوو وڵاتی دیکە کە گەمارۆکان تەمەنی دەسەڵاتدارانی درێژتر کردۆتەوە، ئایا چڕکردنەوەی گەمارۆکان دەبێتە هۆی داڕمان و ڕووخانی کۆماری ئیسلامی؟

ئێستا باس لە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی نییە لە لایەن ئامریکاوە، بەڵام ویستی ئامریکا ئەوەیە کە هەر وەک باسمان کرد، ئێران بێنێتە سەر مێزی دانوستان بۆ ئەوەیکە ئەو خاڵانەی کە داخوازی ئامریکان، قەبووڵ بکات و تەجروبەی ڕابردووش نیشانی داوە، کە هەر کاتێک ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەژێر فشاردا قەرار دەگرێ و حکوومەتەکەی لاواز دەبێ و بەرەو ڕووخان دەچێ، تەسلیم دەبێ. ئێمە لە مێژووی هاتنە سەرکاری ڕێژیمدا ئەو حاڵەتەمان چەند جار دیتووە. یەکەمیان لە شەڕی ئێران و عێراقدا، کە لە سەرەتای هاتنە سەرکاری ڕێژیم شەڕێکی ٨ ساڵە لە نێوان ئێران و عێراقدا ڕووی دا و ڕێژیم دوای دانی هەزینەیەکی زۆر و کوژران و بریندارێکی یەکجار زۆر لە گەنجە ئێرانییەکان، لە کۆتاییدا کە دیتی دەرەقەتی عێراق نایە، هاتە سەر مێزی دانوستان و وەک خۆیان گوتیان خومەینی جامی ژەهری خواردەوە. دووهەم قۆناغ کە دەیبینین وەکوو ئەزموونێک هەر قەراردادی بەرجام بوو، پێش ئەوەیکە بەرجام واژۆ بکرێت، سەرکۆمارەکانی ئێران بە تایبەت ئەحمەدی‌نژاد و بەرپرسانی باڵای سیاسیی و نیزامی دەیانگوت، کە ئەو گەمارۆیانەی کە ئامریکا خستوویەتە سەر ئێران، ڕۆڵیان نییە و تەنیا کوتە کاغەزێکی بێ ئەهەمیەتە، بەڵام کاتێک وەلی فەقیهـ زانی بەو دروشمانە چارەسەری نایە، بە نهێنێ و بێ ئەوەی سەرکۆمار بزانێ، نوینەری خۆی نارد بۆ عەمان و لەگەڵ نوێنەری ئامریکا قسەی کرد و بناغەی بە چۆکداهاتن و قەراردادی بەرجامی ئەو کات باس کرد و لە کۆتاییدا دیتمان ملی ڕاکێشا بۆ ئەو خاڵانەی کە ئەو کات ئورووپا و ئامریکا دەیانەویست و خودی ئۆباما وەک سەرکۆماری ئامریکا پێی ڕازی بوو، ئەو دەمەیش قەبووڵی کرد و من گومانم نییە کە لە داهاتووشدا ئەگەر ئەو گەمارۆیانە ڕۆڵیان ئەوەندە زۆر بێ کە جارێکی دیکەش کۆماری ئیسلامی مەترسیی داڕمانی یەکجاریی ئابوورییەکەی هەبێ، دووبارە دێتەوە سەر مێزی وتۆوێژ و قەبووڵی ئەوە دەکا و ئامریکا دەیەوێ لەو تەجروبەیە کەڵک وەربگرێت.

ئایا چوونەدەری ئامریکا لە بەرجام ئەو ئاوانسە بە کۆماری ئیسلامی نادات کە هەژاری و نەداری و برسییەتی خەڵکی ئێران بخاتە سەر ئەستۆی ئەو گەمارۆیانە کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەسەر ئێرانیدا سەپاندووە؟

کۆماری ئیسلامی لەوە کەڵک وەردەگرێت، بەڵام دوای بەرجام کە گەمارۆکان لەسەر ئێران نەمان، هەموو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەتایبەت خەڵکی ئێران شاهیدی ئەو ڕاستییە بوونکە دوای لابردنی گەماڕۆکانیش ڕێژەی بێکاری، نەخۆشی و دۆخی خراپی ئابووری و ژیان لە نێو خەڵکی ئێراندا زیاتر و خرابتر بووە؛ ئەوە شتێکە کە خودی بەرپرسانی ڕێژیمیش دانی پێدەنێن، بۆیە پێم وایە ئەگەر کۆماری ئیسلامی بیەوێ جارێکی دی بگەڕێتەوە سەر ئەو شێوە تەبلیغاتانە، ئیدی کەس باوەڕی پێ ناکات.

هەر لەو پێوەندییەدا ئایا کاری دژبەرانی ڕێژیم کە کار بۆ دێموکراسی و مافەکانی مرۆڤ دەکەن، دژوارتر نابێتەوە؟

ئێمە پێمان وایە رێژیمە دیکتاتۆرەکان هەتا بەرەو زەعفی زیاتر بڕۆن، سەرکوت و زەبروزەنگ لەسەر خەڵک زیاتر دەکەن، چونکە ڕێگاحەلیان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و ڕازی کردنی خەڵک نییە و هەموو چارەسەرەکان لە سەرکوت و زەبروزەنگدا دەبیننەوە کە ڕێژیمی ئیسلامی ئێرانیش یەکێک لەوانەیە، بۆیە ئێمە ئەو ئیحتمالە دەدەین، کە پێ بەپێی ئەوەیکە رێژیمی کۆماری ئیسلامی لاوازتر دەبێ، سەرکوت و زەبروزەنگ هەر بەو شکڵە دەبێ.

 دوای هاتنەدەری ئامریکا لە بەرجام، ئورووپا لە بەرجامدا دەمێنێتەوە یان ئەوانیش پشت لە ئێران دەکەن؟

دەزانی ئێستا شەڕی بازرگانی و قازانج و بەرژەوەندییە، ئورووپاییەکان هەموو هەوڵیان ئەوەیە کە بەرجام بمێنێتەوە، بەڵام لەسەر ئەو خاڵانەی کە ئامریکا داوایان دەکا و ئەوانیش لەسەری هاودەنگن کە کۆماری ئیسلامی دەبێت دەست لە زێدەخوازییەکانی خۆی لە دونیای دەرەوە هەڵبگرێت، یارمەتی تێرۆریستان کۆتایی پێ بێنێت و دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەدا نەکات بە جیاواز لەگەڵی واریدی وتووێژ بن؛ ئەوانە هەموو بەستراونەتەوە بەوەیکە لە داهاتوودا ئێران چۆن وڵامی ئەوە دەداتەوە، بەڵام نابێ ئەوەمان لە بیر بچێت کە ئێران لەئاکامدا ئەگەر بە داخوازی ئوروپاییەکانیش رازی نەبێت، ئورووپاییەکان بازرگانیی لەگەڵ ئامریکا ناگۆڕنەوە بە ئێران؛ بەو مانایە کە ئەوانیش لە دوای قازانج و بەرژەوەندی خۆیاندان و قازانج و معامەلە کردنی ئەوان لەگەڵ ئامریکا چەندین بەرانبەری ئێرانە، بۆیە ئەوە بە بۆچوونی من شتێکە کە جێگای گومان نییە، بەڵام لەو ماوەیەدا هەوڵ دەدەن کە هەم لە بەرجامدا بمێننەوە و هەمیش داخوازییەکانی ئامریکا لەسەر ئەو خاڵانە جێبەجێ بکەن کە کۆماری ئیسلامی بێننە سەر مێزی وتووێژ و پێی ئیمزا بکەن.

 ئایا گەمارۆکان کاریگەری زیاتریان لەسەر خەڵک دەبێت یان لەسەر دەسەڵات؟

هەموومان ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەناسین، تەجروبەیەک کە لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەیە و لە دوای بەرجامیش نیشانی دا، هەموو خەڵکی ئێران دڵیان بەوە خۆش بوو کە بە ئیمزاکردنی بەرجام، کار زۆرتر و داهاتی خەڵکیش زیاتر دەبێت، مەعیشەت باش دەبێت، ئەو فەزا توندوتیژ و ئەمنییەتییەی کە لەسەر خەڵک زاڵە، ئارامتر دەبێتەوە، ئەو پووڵەی کە بە دەستی دێنێ بۆ گوزەرانی خەڵک بەکاری دێنێ، بەڵام تەجروبە نیشانی داوە هەمووی ئەوانە بەپێچەوانە بوون، یانی هەر دوای هەڵگرتنی گەمارۆکان تا ئێستا، گرانی لە ئێراندا چەند بەرانبەر زیاد بووە، نموونەی زەق و بەرچاوی نرخی تمەنە کە لە بەرانبەر دۆلاردا لە ماوەی ٦ یان ٧ مانگی ڕابردوودا حدودی ٥٠ لەسەد زیاتر دابەزیوە و ئەو دابەزینە هەروا بەردەوامە و بێجگە لەوەش دیتمان ئەو پووڵانەی کۆماری ئیسلامی لە دوای بەرجام و لاچوونی گەمارۆکان دەستی کەوت، لە جیاتی ئەوەی بۆ پێداویستیەکان و رفاهی خەڵکی ئێران تەرخان بکرێت، بۆ پەرەپێدانی تێرۆریزم و دەستێوەردانی لە وڵاتانی ناوچە و بەهێزکردنی ماشینی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەکار هات، بۆیە ئەمن لەو باوەڕەدام کە ئەو گەمارۆیە بۆ خەڵکەکە فەرقێکی ئەوتۆ ناکات، بەڵام لە باری ئابوورییەوە شوێندانەری زۆر لەسەر ڕێژیم دادەنێ.

 دواهەڵوەستەی ئامریکا لەسەر ئێران دەتوانێت چ بێت؟

پێم وابێت ئامریکا دەیەوێت ڕێژیمی ئیسلامی ئێران بگەیەنێتە ئەو ئاستەی کە ئەو کۆماری ئیسلامییەی ئێستا نەمێنێت! دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دراوسێ نەکات، یارمەتی گرووپ و دەوڵەتە تێرۆریستییەکان نەدات، مافی مرۆڤ لە نێوخۆی ئێران پێشێل نەکات، ئەگەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئەو خاڵانە قەبووڵ بکات، من پێم وایە ئامریکا هیچ هەوڵێك بۆ ڕووخانەکەی نادات، بەڵام ئێستا ئەو پرسیارە لە ئارادایە کە ئەگەر ئێرانیش لە بەرجام بێتە دەر و پیتاندنیش دەست پێ بکاتەوە، ئەو دەم چ روو دەدات کە زۆر گرینگە، من پێم وایە لەوەدا لێی قەبووڵ ناکەن نە ئامریکا و نە ئورووپا و دژکردەوەی زۆر توندیان دەبێت؛ جا ئایا ئەو دژکردەوانە دەگەنە ئەو ئاستەی کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بڕووخێ یان نەڕووخێ، ئەوە بەستراوەتەوە بە داهاتوو کە دەبێ بزانین چۆن ئەو پرۆسەیە دەچێتە پێشەوە .

بەو پێیە ئایا لە ئێستادا سیاسەتی گۆڕینیش لە ئارادا نییە؟ ئەوەی کە بە ئاشکرا چ لە لایەن ئورووپا چ لە لایەن ئێرانەوە رادەگەیەندرێت سیاسەتی گۆڕان لە ئارادا نییە، گریمان کە سیاسەتی گۆڕین لە ئارادا بوو، کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەتوانێت وەک ئاڵتێرناتیڤ حیساب لەسەر کام لایەن یان هێز بکات؟

ئەوە یەکێک لە پرسە زۆر گرینگەکانە کە هەم بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هەم بۆ خەڵکیش زۆر مەترەحە کە دوای رێژیمی کۆماری ئیسلامی کێ دێتە سەرکار؟ رەنگە بەشێک لەوەیکە رۆژئاوا بە گشتی جارێ بیر لە گۆڕینی کۆماری ئیسلامی ناکاتەوە، نەبوونی ئاڵتێرناتیڤێکە کە دوای ڕێژیم بتوانێ ئێران بە شێوەیەکی دیکە ئیدارە بکا. ڕەنگە تا کاتی پێکهاتنی ئەم ئاڵتێرناتیڤە ئەو حاڵەتە لە نێو ئورووپا و ئامریکادا بمێنێتەوە، هەتا بەو جۆرەی عەرزم کردی لە نێو ئێرانییەکانیشدا بەشێکیان لانیکەم ئەوانەی لایەنگری کۆماری ئیسلامین و دژ بە ڕووخانی ڕێژیمن هەر بەو دەلیلەی دەڵێن کە دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی کێ بێ؟

کێشە و لەمپەڕەکانی بەردەم هاتنە ئارای ئاڵتێرناتیڤ چین لە ئێستادا؟ بۆچی ئۆپۆزیسیون کارێک ناکەن پێکەوە کە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی زووم لە سەر لایەنێک نەکەن و هەموویان لە دەسەڵاتی داهاتوودا بەشدار بن؟

هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ئۆپۆزسیونی سەرانسەری زۆر بێ‌هێز، نایەکگرتوو و بە بیروبۆچوونی جیاوازەوەن، بۆیە ئەوانە نەیانتوانیوە لە ماوەی سی و چەند ساڵی ڕابردوودا کە تەمەنی ڕێژیمە بە بەرنامەیەکی سیاسیی ڕوون و دیاریکراو بگەن، بۆ ئەوەیکە هەم خەڵکی ئێران بزانن چ ئاڵتێرناتیڤێکیان دەوێت هەم دەرەوەی وڵات، جا دوایە بڕیار بدەن کە یارمەتی بکەن یان نا کە ئەوە یەکێک لە شانسەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە لە واقیعدا بووەتە یەکێک لە هۆیەکان کە بتوانێ بمێنێتەوە و نەڕووخێ. ئەگەر باس لە ئۆپۆزسیونی کوردی ئێران بکەین، پێم وایە بەبەراورد لەگەڵ ڕابردوو وەزعیان باشترە؛ لە باری لێک نزیکبوونەوە و هاوکاریدا و هەر وەکوو دەزانن ناوەندێکی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەم کۆتاییانەدا پێک هاتووە کە دیالۆگ و پرس و وتووێژ لەسەر پرسە جۆراجۆرەکان دەکەن، کە ئاکامی باشیشی تا ئێستا هەبووە.

ئایا ئەو ناوەندە هاوکارییە خاو نیە لە کارکردندا یان لە پراکتیکدا کارێکیان کردووە کە ئێمە ئاگاداریان نەبین؟ دانیشتنی بەردەوام چ قازانجێکی هەیە کاتێک لە کردەوەدا هیچ کارێک ناکرێت؟

لانیکەمی قازانجی ئەوەیە ئەگەر رێکخراوەکانی کوردی ئێران جیاوازیی بیروبۆچوونیان هەبێ، لە هەر بارێکەوە لە جیاتی ئەوەیکە وەکوو ڕابردوو بە شەڕ و کێشە لەگەڵ یەک چارەسەری بکەن، لە دانیشتنەکاندا قسەی لەسەر دەکەن، ڕەنگە ناوەندی هاوکاریی هەتا ئێستا نەیتوانیبێ بە شێوەی عەمەلی کارێکی بەرچاوی کردبێ، کە خەڵکی کورد لە خۆرهەڵاتیش چاوەڕوانیەتی، بەڵام ئەو دەسکەوتە نابێ بەکەم بگرین، چونکە هەموو تەوافوقات و بەرنامەی عەمەلی و کاری سیاسی لەو دانیشتنانەدا دێتە پێشێ، بەڵام ئەوەمان لەبیر نەچێ ئۆپۆزسیونی کوردی ئێران تەنانەت ئەگەر بەهێزیش بێ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بەتەنێ بۆی زۆر زەحمەت دەبێ.

 ئایا ئۆپۆزسیونە سەرتاسەرییەکان لەو ڕاستایەدا هیچ داوایەکیان لە ئێوە وەک حدکا یان ئۆپۆزسیونی کورد هەبووە بۆ دوای داڕمان یان گۆڕین؟  

ئێمە لەگەڵ چەندین ئێئتلافی سەرانسەریی ئێران هاوپەیمانین یان ئەندامین لە رێکخراو و ئێئتلافەکاندا، لە زۆر خاڵدا پێکەوە هاوڕاین، بەڵام هێندێك لەو لایەنانەش هەن، کە دژی ویست و داخوازییەکانی ئێمەن، وەکوو دەزانن بەشێکیان کاتێک کە تۆ باسی مافی نەتەوەیی دەکەی خێرا باسی دابەشکردنی ئێران و ئەو جۆرە شتانە مەترەح دەکەن، تەقریبەن کەم و زۆر وەکوو ڕێژیمی کۆماری ئیسلامین، بۆیە تاکوو ئێستا ئێمە نەمانتوانیوە لەگەڵ هەموو ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بە تەوافوقێکی سیاسی بگەین، بەڵام لەوێشدا ئێمە وەک حیزبی دێموکرات و ئۆپۆزسیۆنی دیکەی کورد لە خۆرهەڵات وەزعمان باشترە. ئێمە ئێستا زۆر راحەت دەتوانین ویست و داخوازییە نەتەوەییەکانی خۆمان لەگەڵ ئەوان باس بکەین و لەگەڵ هێندێکیان بە تەوافوق بگەین، بەڵام رەنگە ئێوەش لە بیرتان بێ، کە ساڵانێک لەوە پێش و لە سەرەتاکاندا ئەسڵەن بۆیان تەحەمووڵ نەدەکرا کە باسی مافی نەتەوەیی بکەی، باسی فێدرالیزم بکەی، ئەوانەیان قەبووڵ نەبوو، بەڵام ئێستا بەشێکی زۆریان کە ئێمە لێیان نزیکین و لەگەڵیان لە ئێئتلافداین، ئەوانەیان قەبووڵ کردووە.

وەک دوایین پرسیار؛ کورد بەگشتی و حیزبی دێموکرات بەتایبەت لە خۆرهەڵات چۆن دەتوانێت ئەو هەلە کە بە هۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ دنیای دەرەوە و هەروەها کێشە نێوخۆییەکانی ڕێژیم هاتووەتە ئاراوە، بە قازانجی کورد بقۆزنەوە ؟

لێرەدا دەبێ ئیشارە بە دوو خاڵی زۆر گرینک بکەم: یەکیان، ئێمە وەک رێکخراوە سیاسییەکانی کوردی ئێران دەبێ واقیعییەتەکان لە بەرچاو بگرین، ئەو واقیعییەتانەی کە لە نێوخۆی ئێراندا هەیە، بەو ئاڵوگۆڕانەی کە لە ڕۆژهەڵاتدا پێک هاتووە. دووهەم: دۆخی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی، چونکە ئێمەش وەک بەشێک لە ئێران لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بەدوور نین، ئێمە ناکرێ وەدوای خەیاڵات و ئەوانە بکەوین و سیاسەتێک بەکار بێنین کە لەگەڵ ئەو ئاڵۆگۆڕانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و مەنتەقەدا هەیە غافڵ بین. جگەلەمەش ناتوانین تووشی بەرزەفڕی و خەیاڵات بین، ئێمە حیزبە کوردیەکانی ئۆپۆزسیونی ئێرانی وەکوو حیزبی سیاسی دەبێ لەگەڵ واقیعیات بەرەوڕوو بین، ئاوات و ئامانجی خەڵکی کورد بەتایبەت گەنجەکان جێگەی ڕێزە و دەتوانن ئارەزووی خۆیان هەبێ، بەڵام حیزبی سیاسی دەگەڵ واقیعیات تەرەفە؛ دەبێ بە لەبەرچاوگرتنی ئەو واقیعییەتانە ئاڵقەی نزیکایەتی و ئێئتلاف لەگەڵ لایەنانەکانی خۆرهەڵات هەروا بەهێز بێت و هەنگاو بە هەنگاو بچینە پێش بۆ کاری زیاتر کە لە دەستمان دێت و ئیمکانی هەیە دەتوانین جێبەجێی بکەین و دەرفەتیش لەدەست نەدەین، چونکە ئەگەر ڕێکخراوی زیاتریش لەو ناوەندی هاوکارییەدا بێ و بەرنامەی عەمەلی و بەکردەوەییش نەبێ و لەواقیعدا هەروا بمێنێتەوە و چاوەڕوانی ڕووداوەکان بێت، ناتوانین لە فورسەتەکان کەڵک وەربگرین بە قازانجی خەڵکەکەمان.