کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: ئیدئۆلۆژیی ناسیۆناڵیزمی ئێرانی، ناسنامەی ناوەنده دژ بە نەتەوەکانی دیکەی ئێران

11:52 - 22 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: لە دوای کۆنفڕانسێک کە لە ناوەندی یەکیەتیی ئورووپا بەنیسبەت دۆخی نەتەوەکانی ئێران بەڕێوە چوو، میدیاکان لەگەڵ "مستەفا هیجری"، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وتووێژیان کرد.

لە کۆنفڕانسی دۆخی نەتەوەکانی ئێران لە یەکیەتیی ئورووپادا، یەکێک لەو پرسیارانه کە میدیاکان بەرەوڕووی نوێنەرانی بەشدار لەو کۆنفڕانسە و بەتایبەتی "مستەفا هیجری"، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات دەکرایەوە، ئەوە بوو کە ئایا حیزبی دێموکرات "تەجزیە تەڵەبە" یان نا.

هەواڵدەریی "دۆیچەولە"ـی ئاڵمان لە وتووێژ لەگەڵ "هیجری" ئەو پرسیارەی هێناوەتە گۆڕێ کە ئایا ئێوە کە دەڵێن نەوەتەکانی ئێران لەدوای دابینکردنی مافی چارەنووسی خۆیانن بە هەر شێوەیەک کە بکرێت، "تەجزیەتەڵەب"ـی نییە.

"مستەفا هیجری" لە وڵامی ئەو پرسیارەدا باسی لەوە کرد: 'ئەو قسەیە تۆمەتێکە کە لە ئێمەی دەدەن. ئەوە بۆ ئەوەیە هەتا "ملییەت هەراسی" لەنێو ئێراندا دروست بکەن. ناوی ئێمە "حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران"ـە.

میدیاکانی "ڕووداو، ئێن.ئاڕ.تی، بی.بی.سی، ئیران ئینتێرنەشناڵ، دۆیچەولە، فڕانس ٢٤" و چەندین میدیای کوردی، فارسی و بیانی لەو کۆنفڕانسەدا بەشدار بوون.

هەر کام لەو میدیایانە بە شێوەی جیاواز وتووێژیان لەگەڵ "مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات کرد.

حیزبی دێموکرات کە بەفەرمی بانگهێشتی ئەو کۆنفڕانسە کرابوو و لەبارەی دۆخی نەتەوەی کورد لە ئێراندا قسەی کرد، ناوەڕۆکی باسەکە ئەوە بوو کە ڕێژیمی ئێران بە سیاسەتێک کە دژی نەتەوەکانی ئێران گرتوویەتە بەر، تەنیا هەوڵی سڕینەوەی نەتەوکانی ئێران دەدات.

"هیجری" لە وتووێژ لەگەڵ میدیاکاندا جەختی کردەوە کە نەتەوکانی ئێران لەسەر بەدەستهێنانی مافی چارەنووسی خۆیان بە هەر شێوەیەک کە بۆیان بکرێت، پێداگرن.