کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: ئێمە بە وریایی و وشیاریی تێكۆشەرانی حیزبی دێموكرات باوەڕمان هەیە

22:13 - 21 پووشپەڕ 2712

رۆژی هەینی 9ی پووشپەڕی 1391ی هەتاوی، بە بۆنەی پەیوەستبوونی كۆمەڵێك لە هاوڕێیانی پێشووی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە ریزەكانی حیزبەوە رێوڕەسمێك لە بنكەی دەفتەری سیاسیی حیزب بەڕێوە چوو. بەڕێز مستەفا هیجری سكرتێری گشتیی حیزب لەو رێوڕەسمەدا پەیامێكی بەم بۆنەیەوە پێشكەش كرد. سەرنجی خوێنەرانی بەڕێز بۆ دەقی وتەكانی سكرتێری گشتیی حیزب رادەكێشین.

هاوڕێیانی خۆشەویست سڵاوێكی گەرمتان لێ بێت، وەكوو ئاگادارن ئێمە ئەوڕۆ لێرە كۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی كە رێز بگرین و پێشوازی بكەین لە كۆمەڵێك لەو هاوڕێیانەمان كە ماوەیەكی دوورودرێژ بوو لێمان جیا ببوونەوە و ئێستا ئەوڕۆ مەڕاسمی رەسمی بە بۆنەی یەكگرتنەوەی ریزەكانی حیزب پێك هاتووە. ئێمە زۆر خۆشحاڵین كە ئەو رەفیقانەمان لە نێو خۆماندا دەبینینەوە. كاتێك نیزیك بە 6 ساڵ لەمەو پێش كۆمەڵێك لە هاوڕێیانمان لە ئێمە جیا بوونەوە و ریزی خۆیان لە حیزبی دێموكرات جودا كردەوە ماتەمێكی گەورە نەك هەر ئێمە كادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی دێموكرات، بەڵكوو سەرجەم كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانی ئێران، هەموو دڵسۆزانی نەتەوەكەمان و دۆست و یارانی ئێمەی دڵگران كرد.
خەڵك لەو رووداوە ناخۆشە هەم تووڕە بوون هەم نیگەران بوون، تووڕە بوون لەبەر ئەوەی كە لە كاتێكدا هەموو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بە هەست بە بەرپرسیاریەتییەوە داوای یەكڕیزی و لێكنزیكبوونەوە و كۆبوونەوەی هێزەكانی گەلی كورد لەسەر یەك بۆ بەربەرەكانێ لەگەڵ رێژیمی كۆماری ئیسلامییان دەكرد و دەنگیان بەرز كردبۆوە، كۆمەڵێك لە هاوڕێیانی ئێمە لە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێراندا ریزەكانی خۆیان جودا كردەوە و خەڵك نیگەران بوون لەوەی كە داهاتووی خەباتی حیزبی دێموكرات بە كوێ دەگات، نائومێدی و دڵساردی خەڵكی كوردستانی داگرت، بەتایبەت كە كۆماری ئیسلامی و بەكرێگیراوەكانیشی بە هیوای خوێندنی فاتیحای نەهایی بۆ حیزبی دێموكراتی كوردستان، تۆوی نائومێدییان لە دڵی خەڵكدا دەچاند و خەڵكیان بەرەو تەسلیمبوون و ملڕاكێشان بۆ دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیی ئێران رادەكێشا لەوكاتەدا بوو كە خەڵكەكە بە هەست بە بەرپرسیارەتیكردن، هەست بە دڵسۆزیكردن بۆ خەبات و حیزبەكەیان كۆمەڵ بە كۆمەڵ، تاك بە تاك لە چین و توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگای ئێمە دەهاتن بۆ لامان و داوایان دەكرد كە تەفرەقە و جوودایی لە نێوماندا نەبێ، هێزەكانمان یەكگرتوو كەین، تەحەمولی یەكتر بكەین و هەموو پێكەوە خەباتەكەمان بەرینە پێش، بەڵام بەداخەوە هەموو ئەو دڵسۆزییانە، هەموو ئەو خۆشەویستییانە بۆ حیزبی دێموكرات و جووڵانەوەی یەكڕیزی خەڵكی كورد بێ ئاكام بوو، چوونكە پیلانداڕێژەرانی ئەو جوودابوونەوە و بڕیاردەرانی ئەو پڕۆسەیە بڕیاری خۆیان دابوو.
بەڵام هەر وەكوو ئێمە پێشبینیمان دەكرد بە دەلایلی زۆر كە لێرە ئێستا جێگای باس نیە لەو كاتەوە تاكوو ئێستا ئەو هاوڕێیانەی كە جوودا بوونەوە تەوجیهاتی زۆریان كرد بۆ جوودابوونەوەكەیان، بۆ تێكدانی ریزەكانی حیزبی دێموكرات بەڵام لەو دەمەوە و تاكوو ئێستا و هەتا نەهایەت، خەڵكی كورد قەت ئەو تەوجیهاتەی قبووڵ نەبوو و هەر لە دوای جوودابوونەوەكەدا داوای یەكڕیزی و یەكبوون و لێكنزیكبوونەوەیان دەكرد و ئێمە وەك حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە لەبەرچاوگرتنی داخوازیی خەڵك و حورمەتدانان بۆ نەزەر و بۆچوونیان و هەست بەو واقعییەتە كە یەكڕیزیی خەباتی نەتەوەكەمان باشتر دەباتە پێشێ بەتایبەت لەو هەلومەرجەدا كە رووبەڕووی ئاڵوگۆڕەكانی زۆرین هەنگاومان نا بەدڵەوە بەعەمەلەوە بۆ ئەوەی كە ویست و داخوازی خەڵك بەدی بێنین. ئەوە بوو كە لە پەیامەكانی نەورۆز و 10ی خاكەلێوە و موساحبەیەكی كە من كردم، داوای ئەو یەكڕیزییەم كرد و بەدڵەوە پێشوازیم كرد لەوەی كە هاوڕێیانمان لەگەڵ حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران یەك بگرنەوە بۆ ئەوەی كە بتوانین پێكەوە كۆنگرەی پازدەمان بەڕێوە بەرین. خۆشحاڵم كە ئێستا دوای ئەو هەوڵدانە ژمارەیەك لە هاوڕێیانی تێكۆشەر، كە هیوای سەركەوتن و درێژەدانی خەبات هەروا لە مێشك و ئیرادەیاندا زیندووە بە تەحەمولی تانە و تەشەر، فشار و زەختی زۆر رێچكەی بەستەڵەكێكیان خۆش كرد بۆ لێكنزیكبوونەوە، بۆ یەكگرتنەوە و بۆ كاری هاوبەش لە سەنگەری حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێراندا، باوەشی ئاوەڵای حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و ئیرادەی بەهێزی ئەو رەفیقانەمان و بەچۆكدانەهاتنیان لە موقابیلی هەموو هەڕەشە و تەوتەئەكان كە تەحەمولیان كرد ئەو كۆبوونەوەی بۆ ئێمە پێك هێنا و ئەو ئاكامەی كرد بە دەسكەوتی حیزبی دێموكرات و نەتەوەكەمان. بۆیە من لێرە بە پێویستی دەزانم سپاسێكی بێ پایان پێشكەشی ئەو رەفیقانە بكەم كە بە وردبینی و بە واقیعبینی و بە هەست بە بەرپرسیارێتی لە بەرامبەر نەتەوەكەماندا هێزەكانی خۆیان لەگەڵ هێزی حیزبی دێموكرات دووبارە گرێ داوە و ئێمە ئیحتیاجمان بە هێز هەیە. ئەو بەستەڵەكەی كە هاوڕێیانی بەڕێز! ئێوە شكاندتان، رێچكەیەكە كە ئێمە ئیتمینانمان هەیە كە نابڕێتەوە و حیزبی دێموكرات خەڵكی دیكەش لە رەفیقەكانی ئێوە و لە هاوڕێیانی خۆشەویستی ئێمە كە لێمان دوورن، لە باوەش دەگرێ. ئێمە بە وریایی و وشیاریی تێكۆشەرانی حیزبی دێموكرات باوەڕمان هەیە بەو بۆنەوە پیرۆزباییتان لێ دەكەم، بۆ بوێریتان، بۆ ئیرادەی بەرزتان لە پێناو قازانج و بەرژەوەندیی نەتەوەییدا و هەر لە ئێستاوە عەرزتان دەكەم كە ئێوە وەكوو هەموو ئەندامانی حیزبی دێموكرات، وەكوو هەموو كادر و پێشمەرگەكانمان، لە هەموو ئەو ماف و ئەركانەدا بەشدار دەبن كە لە حیزبی دێموكراتدا بەپێی قانوونەكان بەڕێوە دەچن و دڵنیام كە تاك تاكی ئەندامانی ئەو حیزبە رێز لە بوێریی ئێوە دەگرن رێز لە هەنگاوەكانتان دەگرن.
ئێمە رێگایەكی دوورودرێژمان لەبەرە كۆماری ئیسلامی ئێران جارێ لەسەر كارە گیروگرفتی زۆر لەسەر رێگای خەباتی نەتەوەكەماندا هەیە، بۆیە من جارێكی دیكە بانگهێشتنی هەموو ئەو رەفیقانە دەكەم كە بەو قەناعەتە گەیشتوون كە دەتوانن لە ریزەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێراندا شانبەشانی باقی رەفیقەكانی خۆیان رێگای خەبات درێژە بدەن، ئێمە باوەشمان بۆیان ئاوەڵایە. هەر لەو پێوەندییەدا پیرۆزبایی دەكەم و سپاس دەكەم لە خەڵكی كوردستان، چوونكە ئێمە ئاگادارین كە لەو رۆژەوە كە هاوڕێیانی بەڕێزمان بەیانییەی پەیوەستبوون بە حیزبی دێموكراتی كوردستانیان داوە و دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتیش بە بەیانییەیەك پێشوازیی كردووە شایی لە دڵی خەڵكەكەدا دەگەڕێ، سپاسیان دەكەم كە هەمیشە هاندەری ئێمە بوون، پشتیان گرتووین بۆ یەكڕیزی، مەنعیان كردووین لە تەفرەقە و جوودایی و پەرتەوازەیی. هەروەها جێی خۆیەتی كە لێرەدا باس بكەم، رەنگە هەمووی ئێوە نەزانن بەڵام ژمارەیەك لە رووناكبیرانی دەروەست لەنێو كوردستان و لێرە زۆر بە بەئاكامگەیاندنی ئەو پرۆسەیەوە ماندوو بوون. دیارە هەر چەند ئەوە وەزیفەی هەموو رووناكبیرێكە كە لە رێگای یەكڕیزیی نەتەوەكەیدا كار بكا و تێبكۆشێ، بەلام هەست بە بەرپرسیارەتیكردنی ئەو رەفیقانەمان جێگای رێزە، ئاوات دەخوازین كە ژمارەیان زۆر بێ، لە كارەكانیاندا سەركەوتوو بن و هەروەها هەنگاو هەڵێنن لە رێگای یەكڕیزیی نەتەوەی كورد و خەباتكارانی كورد بۆ ئەوەی كە هەموومان پێكەوە بتوانین ئەو مافانەی كە لە نەتەوەكەمان پێشێل كراوە، جارێكی دیكە بەدەستی بێنینەوە. سپاس و پیرۆزبایی بۆ ئێوە خۆشەویستان و بەڕێزان كادر و پێشمەرگەكان و ئەندامانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران كە دەزانم هەموو لایەكتان بە بەئاكامگەیشتنی ئەو پڕۆسەیە زۆر خۆشحاڵن و وەكوو عەرزم كردن ئێمە چاوەڕوانین لە داهاتوودا دیسانەوە شاهیدی ئەوە بین كە تێكۆشەرانی حیزبی دێموكرات ئەوانەی كە توانای كار و خەباتیان ماوە پەیوەست ببنەوە بە ریزەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانەوە.

زۆر سپاستان دەكەم سەركەوتوو بن.