کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"مستەفا کازمی" لەسەر چالاکیی میلیشیا چەکدارەکان هۆشداریی بە تاران دا

11:38 - 19 خاکەلێوه 2721

هەواڵدەریی "ئاسۆشێتد پرێس" (Associated Press)  بڵاوی کردووەتەوە کە "مستەفا کازمی" سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆشداریی بە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران داوە کە دەست لە پشتیوانیکردنی میلیشیا چەکدارەکان هەڵ بگرێت.

بەپێی ئەو ڕاپۆرته کە بڵاو کراوەتەوە، دوای ئەوەیکە گرووپی "ڕوبعوڵڵا" لە شەقامەکانی بەغدا مانۆڕیان دا و دژی هێزەکانی ئامریکا ناڕەزایەتییان دەربڕی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆشداریی بە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران داوە.

"کازمی" لەو نامەیەدا هەڕەشەی لە ئێران کردبوو و دوای ئەو هەڕەشەیە پاسداری تێرۆریست "ئیسماعیل قائانی" فەرماندەی هێزی قودسی سپای پاسداران سەردانی عێراقی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی گرووپە میلیشیاکان کۆ بووەوە کە هێمنیی خۆیان بپارێزن.

میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران هەڕەشە لە ئامریکا دەکەن کە هێرش دەکەنە سەر بنکە و بارەگاکانیان.

ئامریکا، گرووپە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی بە دەست تێدابوون لە هێرش بۆ سەر بنکە نیزامییەکانی ئامریکا لە خاکی عیراق تۆمەتبار دەکات و هەڕشەی لە ڕێژیمی ئێران کردووە کە هەر چەشنە هێرشێکی ئێران یان گرووپە نیابەتییەکانی کە بە ئامریکاییەکان یان هاوپەیمانەکانی زیان بگەیەنێت، لەگەڵ وڵامی توندی ئامریکا ڕووبەڕوو دەبێتەوە.