کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا ھیجری: یەکگرتنەوە بڕیاری حیزبه و لە کۆنگرە پەسند کراوە

18:04 - 23 رەزبەر 2720

"مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران ڕایگەیاندووە ئێمە لە ئاستێکی باڵای ڕێبەرایەتیدا دانیشتنەکانمان بە شێوەی جیددی بۆ یەکگرتنەوە دەست پێکردووە.

"هیجری"باسی لەوە کردووە ئێمە لە پێوەندی لەگەڵ یەکگرتنەوە هەندێک بڕیاری تازەمان داوە؛ سەرەڕای ئەوەیکە لە سەر هەندێک خاڵ ناکۆک هەیە بەڵام ئێمە بڕیارمان داوە دانیشتنەکان بە چڕی بەردەوام بێت.

ناوبراو جەختی کردووەتەوە هەتا ئەو جێگایە کە نەگەینە به ئاکامێكی ڕوون هیچ شتێک لە ڕاگەیەندنەکان بڵاو نەکەینەوە بەڵام کارەکان لە پێشوو باشتر دەڕواتە پێش.

لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات لەبارەی یەکڕیزیی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بەپێی ئاڵوگۆرەکانی ناوچە کە خەریکە ڕوو دەدات باسی لەوە کرد ئێمە لەمێژه گەیشتوونەتە ئەو باوەڕە کە دەبێ یەکگرتوو بین و کاریشی بۆ دەکەین و لەو پێوەندییەدا ناوەندی هاوکاریمان پێک هێناوە.

"مستەفا هیجری" ڕایگەیاندووە: "نەتەوەکانی ئێران نایانهەوێ حکوومەتێکی ناوەندی هاوشێوەی ئێستا لە تاران یا وەک ڕێژیمی پاشایەتی لە تاراندا بێتە سەر کار".

ناوبراو ڕوو لە خەڵكی کوردستان ڕایگەیاندووە: "پەیامی ئێمە بۆ خەڵكی تێكۆشەری کوردستانی ڕۆژهەڵات ئەوەیە ئەو ئەركەی كە كۆنگرە پێی سپاردوین و لەسەر ویست و داخوازیی خەڵک بە جیدی پرۆسەی یەكگرتنەوەمان دەست پێكردووە و لە ھەوڵداین، بۆ ئەوەی پێش وادەی كۆنگرەی داھاتوو بە ئەنجامێكی دڵخواز بگەین كە خەڵكەكەمان پێی شاد بێت، بتوانین كۆنگرەیەكی ھاوبەشمان ھەبێت و حیزبی دێموكرات جارێكی دیكە یەک بگرێتەوە".

مستەفا ھیجری لەباەرەی هەڵبژاردنەکانی ئامریکا باسی لەوە کرد: "ئێمە پەیوەندییمان لەگەڵ ئامریکاییەکان ھەیە، بەڵام لۆبی بۆ ھیچ كام لە كاندیدەكان ناكەین، پێمان وایە، ھەر یەك لە كاندیدەكان دەربچێت و ببێتە سەرۆكی ئامریکا، گۆڕانكاری لە بۆچوونی واشنتۆن لەبارەی ئێران نابێت، ئێران لەژێر فشاردا دەمێنێتەوە، بەم سیاسەتەی ئێران ٤٠ ساڵە پەیڕەوی دەكات ئەگەر لێی بەردەوام بێت، فشارەكانیش لەسەری بەردەوام دەبن".

لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران ئەو وتووێژەی لەگەڵ کاناڵی "کوردستان ٢٤" ئەنجام داوە.