کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"مستەفا ئەلکازمی": ئیزن نادەین لە خاکی عێراقەوە پەیامی "مووشەکی و تێرۆریستی" بنێردرێت

18:24 - 12 رەشەمه 2720

"مستەفا ئەلکازمی"، سەرۆکوەزیرانی عێراق بێ ئەوەیکە ناوی وڵاتێکی تایبەت بێنێت ڕایگەیاندووە که ئیزن بە هێچ وڵاتێک نادات لە خاکی عێراقەوە "پەیامی مووشەکی یان تێرۆریستی" بۆ وڵاتانی دیکە بنێردرێت.

"ئەلکازمی" لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەتـ"ـی لەندەن، بەنیسبەت هێرشە مووشەکییەکانی ئەم دواییانە لە ناوچەی سەوزی بەغدا و دژی هێزەکانی ئامریکا لە عێراقدا وتوویەتی: "هیچ وڵاتێک مافی ئەوەی نییە کە بە تێچووی تەناهی و سەقامگیریی خەڵکی ئێمە، بۆ وڵاتانی دیکە پەیام بنێرێت".

ناوبراو جەختی کردەوە کە حکوومەتی عێراق، خەڵک و هەروەها هێزە سیاسییەکان، هەر چەشنە دەستێوەردانێک لە کاروباری نێوخۆیی ئەو وڵاتە ڕەت دەکەنەوە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق هەروەها وتوویەتی: "کەڵکوەرگرتن لە خاکی عێراق بۆ ناردنی پەیامی سیاسی تەنیا لە ڕێگەی کاناڵە دیپلۆماتیکەکان و ڕێگای سیاسی ڕێگەپێدراوە".

ئەلکازمی ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "ئێمە ئەم کارە لە ڕاستای بەرپرسایەتی لە بەرانبەر خەڵكەکەمان و بەپێی ئەو ڕۆڵە کە بۆ بەردەوامیی ئەمنییەت لە ناوچەکەدا لە ئەستۆمانە، ئەنجامی دەدەین".