کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مشتومڕ لە نێو تیمی ترامپ بۆ درێژکردنەوەی بەخشینی چند وڵات لە کڕینی نەوتی ئێران

13:24 - 8 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: لە نێو ئەندامانی تیمی ئەمنییەتی و تیمی دیپلۆماسی دانڵد ترامپ، لەسەر ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی ئێران ناکۆکی ساز بوو.

هەواڵدێریی بلۆمبرگ، ڕۆژی سێشەممە، ٦ی خاکەلێوە، باسی لەوە کردووە، کە لە نێوان تیمی شۆرای ئەمنییەتیی نەتەوەیی به سەرۆکایەتیی جان بۆڵتۆن و تیمی وەزەارەتی دەرەوەی ئامریکا به سەرۆکایەتیی مایک پۆمپێئۆ، لە هەمبەر هەناردەکردنی نەوتی ئێران ناکۆکی دروست بوو.

تیمی جان بۆڵتۆن بڕوای بەوەیە کە پێشگرتن به هەناردەنەکردنی نەوتی ئێران، نرخی نەوت بەرز نابێتەوە و لە ئاستی خۆیدا دەمێنێتەوە.

لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، به سەرۆکایەتی مایک پۆمپێئۆ خوازیاری ئەوەن کە بەخشینی کڕیارانی نەوتی ئێران درێژەی هەبێت.

ئامریکا، ٦مانگ کاتی به ٨ کڕیاری نەوتی ئێران دا، کە بەشێوەی سنووردار نەوتی ئێران هاوردە بکەن، ئەو ماوەیە لە مانگی گوڵان کۆتایی پێ دێت و دانڵد ترامپ بڕیاری کۆتایی لەسەر دەدات.

لە کاتی هاتنەدەرەوەی ئامریکا، لە ڕێککەوتننامەی بەرجام، بەرهەمی نەوتی ئێران، ١.١ میلیۆن بەرمیل دابەزیوە و هەناردەکردنی نەوتی خاوی لە ٢.٥ میلیۆن بەرمیل بۆ ١.١ تا ١.٢ میلیۆن بەرمیل دابەزیوە.

گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران کارێگەریی زۆری داناوە، بە چەشنێک کە هەناردەکردنی نەوتی ئێران نیوە بووە و بەهای ڕیال ٢ لەسەر ٣ی بایەخی خۆی لە دەست داوە و قەیرانی ماڵیی بۆ ڕێژیمی ئیران دروست کردووە.