کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٣٠ ملیۆن هێکتار زەوی لە ئێراندا هەڕەشەی بوون بە بیابانیان لەسەرە

13:30 - 13 خەرمانان 2720

ڕێکخراوی دارستانەکانی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی خەرمانان، ڕایگەیاندووە نزیکەی ٣٠ ملیۆن هێکتار لە زەوینەکانی ئێران خەریکە دەبێتە بیابان.

بیابان بە ناوچەگەلێکی خاوەن هەرێمێکی وشک و زۆر وشک دەڵێن کە ڕێژەی نێونجیی بارینی باران لە ساڵێکدا کەمتر لە ٥٠ میلیمیترە و ڕێژەی گژوگیای چەند ساڵەی کەمتر لە ١٠ لەسەد بێت.

دەوترێت کە لەنێوان زەوینە بیابانییەکاندا، کەویرەکان ١٧.٩ لەسەد و زەوینە بێ گژوگیاکان ٥٣.٣ لەسەدن.

ڕێکخراوی دارستانەکانی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە ئێران، ١.٢ لەسەدی وشکانییەکانی جیهان، ٢.٤ لەسەدی دیاردە بیابانییە بێ گژوگیاکان و ٣ لەسەدی ناوچە بیابانییەکانی جیهان لەخۆوە دەگرێت.

بە گشتی ٦١ لەسەدی پانتایی ئێران لە هەرێمێکی وشک و زۆر وشکدایە کە ٣.١ قات زیاتر لە ئاستی جیهانییە.

بڕینی دارستانەکان، ئاگرکەوتنەوە و ئاگرتێبەردانی ژینگە، گۆڕینی بەکارهێنانی زەوینەکان لە دارستانەوە بۆ زەوینی کشتوکاڵی، پڕۆژەکانی ڕێگاوبان و کارخانە لێدان و هتد لەو هۆکارانەن کە خێرایی پێکهاتنی بیابان لە ناوچەیەکدا دەباتە سەرەوە.