کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٢.٥ ملیۆن کەس لە شارەکانی ئێراندا کرێنشینن

12:08 - 15 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، ڕێژەی کرێنشینان لە چاو دوو دەیەی ڕابردوو، بە ڕێژەی ٣٦ لەسەد بەرز بووەتەوە.

بەپێی نوێترین ئامارە بڵاوکراوەکانی ڕێژیم سەبارەت بە ڕێژەی کرێنشینان لە شارەکانی ئێراندا و بەبێ لە بەرچاوگرتنی کرێنشینان لە گوندەکاندا، ٢٢.٥ ملیۆن کەس لە شارەکاندا کرێنشینن، کە ئەم ڕێژەیە لەچاو دوو دەیەی ڕابردوو، بە ڕێژەی ٣٦ لەسەد بەرز بووەتەوە.

ڕۆژنامەیەکی سەر بە ڕێژیم، هۆکاری  لەسەربوونی ئاماری کرێنشینانی لە ئێراندا، بۆ تەواونەکردنی پرۆژەکانی نیشتەجێبوونی ڕێژیم و هەروەها گرانبوونی ١٢٠ لەسەدیی نرخی خانووبەرە لەچاو ساڵی ڕابردووەوە، گەڕاندبووەوە.

گرانبوونی نرخی خانووبەرە و یەکەکانی نیشتەجێبوون، ئاوارەبوونی کرێنشینانی لێکەوتووەتەوە و بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، کرێنشینان بەهۆی ناتەوانییان بۆ دابینکردنی کرێی خانوو، ناچارن ڕوو لە چادرنشینی بکەن، کە ئەم دیاردەیە لە پارێزگای کرماشاندا، بە شێوەیەکی بەرچاو ڕوو لە زیادبوونە.

گرانبوونی خانووەبەرە، تەنیا کێشە و گرفتێک نییە کە کرێنشینان و خەڵکی هەژاری ئێران بەدەستیەوە دەناڵێن، بەڵکوو گرانیی خواردەمەنی و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان، لە کێشەکانی دیکەی خەڵکی هەژاری ئێرانن، کە لە ئێستادا دۆخەکە هێندە نالەبار بووە کە بە دژواری دەتوانن ژەمێکی خواردنی سادەش دابین بکەن.