کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٤٠ ملیۆن کەس لە ئێراندا لەژێر هێڵی هەژاریدان

13:20 - 23 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: نوێنەری دەسنیشانکراوی پیرانشار لە مەجلیسی ڕێژیمدا، وتوویەتی: "دەبێت ڕاستییەکان قەبووڵ بکەین؛ ٤٠ ملیۆن ئێرانی لەژێر هێڵی هەژاریدان".

ڕەسووڵ خزری، نوێنەری پیرانشار و ئەندامی کومیسیۆنی کۆمەڵایەتی لە مەجلیسی ڕێژیمدا، دۆخی ئێستای بە هۆی نەشیاویی ڕێژیم زانی و وتی: "دووکەڵی ناکارامەیی و بێبەرنامەیی ڕێژیم، چووەتە نێو چاوی خەڵکەوە. خەڵک، ڕێژیم بە تاوانبار دەزانێت".

ناوبراو، بەرپرسانی ڕێژیمی بەوە تۆمەتبار کرد، کە خەریکی چەواشەکارین و ئاماری درۆ بڵاو دەکەنەوە. هەروەها ڕایگەیاند: کە ئەگەر پێشتر ١١ ملیۆن کەس پێویستی بە پێداویستییە سەرەتایییەکان بووبێت، ئێستا زۆرتر لە ٤٠ ملیۆن کەس، پێویستییان بە پێداویستییە سەرەتایییەکانی ژیانە.

ئەمانە لە حاڵێکدایە، کە سیاسەتەکانی ڕێژیم بۆ کۆنترۆڵی پەراوێزنشینی و حەشیمەتی ژێر هێڵی هەژاری، ناکارامەیە. هەروەها گرانی و بەرزبوونەوەی نرخی خانوو، یەک ملیۆنی بە حەشیمەتی پەراوێزنشینەکان زیاد کردووە.

هەروەها ئامارەکان باس لەوە دەکەن، کە لە مەودای هاوینی ١٣٩٦ تا هاوینی ١٣٩٧ی هەتاویدا، هەژاری بەرزبوونەوەی ٢٥ لەسەدیی بە خۆوە بینیوە.

ئەمانە لە حاڵێکدایە، کە بەرپرسانی باڵای ڕێژیم چەواشەکاری دەکەن و حەشیمەتی ژێر هێڵی هەژاری، بە ١٠ ملیۆن کەس مەزەندە دەکەن.

هەژاری و بێکاری لە ئێراندا، ڕۆژبەڕۆژ زۆرتر ڕوویان لە هەڵکشانە و ڕێژیم نەتەنیا ناتوانێت ئەم قەیرانانە کۆنترۆڵیان بکات، کە بەرهەمی خۆیەتی، بەڵکوو سیاسەتیشی پەرەپێدانی ئەم قەیرانانەیە.