کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٨ ملیۆن کەس، هاوینی ئەمساڵ تووشی کەم ئاوی دەبن

13:17 - 2 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: سەرەڕای باران بارینە زۆرەکانی ئەمساڵ کە لافاو و خەسارێکی زۆریشی لێکەوتەوە، بەشێکی بەرچاو لە شارەکانی ئێران هەڕەشەی کەم ئاوییان لە سەرە و وێدەچێت ٢٨ ملیۆن کەس لەم هاوینەدا تووشی کەم ئاوی بن.

"قاسم تەقی زادەخامسی،" جێگری وەزیری وزەی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری ئاو و ئاوەڕۆدا، لە لێدوانێکی ڕۆژی شەممە، ١ی پووشپەڕدا، وێڕای داخوازی لە خەڵک بۆ بەکارهێنانی دروستی ئاو وتوویەتی: "کەمبوونی ١٣٠ میلیارد مێتری سێ جای ئاوی ئێران، کە لە ماوەی ١٠ ساڵدا ڕووی داوە، بە باران بارینەکانی یەک ساڵ قەرەبوو ناکرێتەوە؛ ئەگەر بەکارهێنانی ئاو بەم پێیە بچێتە پێشەوە، لە هاوینی ئەمساڵدا، ٢٣٣ شاری ئێران بە حەشیمەتی ٢٨ میلیۆن کەسەوە، لەگەڵ کێشەی جیددیی ئاو بەرەوڕوو دەبنەوە."

ناوبراو لەم بارەوە وتوویەتی: "زیاتر لە ٩٠ لەسەدی سەرچاوە ئاوییەکان لە بەشی وەرزێڕیدا بەکار دەچن،  بۆیە دەبێ لە کشتوکاڵی بەرهەمە پڕئاوەکان پێشگێری بکرێت."

"خامسی" لە لایەکی ترەوە باسی لەوە کردووە کە ٧.٣ میلیارد مێتری سێ جا لە ئاوی ئێران بە شێوەی نایاسایی و لە ڕێگای بیراوەکانەوە بەکار دەبردرێت. ناوبراو لەم بارەوە ئاماژەی بە بوونی ٨٠٨ هەزار بیراو کردووە کە ٣٠٣ بیراویان بە شێوەی نایاسایی دروست کراون.

قسەکانی ئەم بەرپرسەی ڕێژیم سەبارەت بە کەم ئاوی و دروست بەکارهێنانی ئاو لە حاڵێکدایە کە لە لایەن ڕێژیمەوە هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە هەڵناگیردرێت و بە کردەوە پێش بە هیچ کارێکی نایاسایی ناگیردرێت و بە تەنیا بەتەمای بارینی بارانن.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، شارەکانی کوردستان کە لە ناوچە کوێستانییەکانیش هەڵکەوتوون، کێشەی ئاوی خواردنەوەیان بوو و تاکوو ئێستاش و وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی، هیچ ئاکامێکیان وەرنەگرتووە. لە شاری سنه، نەبوونی ئاوی خواردنەوە و هەروەها پیسبوونی ئاوەکە، خەڵکی ناچار کردبوو کە تەنانەت بۆ ڕاگرتنی بێهداشتی خۆیان، ئاوی مەعدەنی بکڕن یان لە کانییەکانی دەوروبەری شار ئاوی خواردنەوەی خۆیان دابین بکەن.