کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

من سێ ڕۆژ لەگەڵ قاسملوو لە بەهەشت بووم

18:28 - 20 بانەمەڕ 2720

بیرەوەری و نووسینی: تەموورێ خەلیل

هەڵگەڕاندنەوە بۆ کورمانجیی ناوەڕاست: هادی عەزیزی

چەندین ساڵ لەمەوبەر لە ئاهەنگی یادی بیست و پێنج ساڵەی دامەزراندنی ئەنستیتۆی نەتەوەیی کورد لە پاریس، جوامێرێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی "خەسرەو عەبدوڵڵاهی" بۆ لای من هات و وتی:

خانمێک دەڵێت: ڕەنگ و ڕووی ئێوە بۆ ئەو گەلێک ئاشنایە، بەڵام وەبیری نایەتەوە کە لە کوێ ئێوە یەکترتان بینیوە.

منیش لێم پرسی: ناوی ئەو چییە؟

وتی: ناوی نەسرینە.

من هیچ خانمێکم بە ناوی نەسرین نەدەناسی. من بەرەولای ئەو ڕۆیشتم و دەستێک بە سەرەوە تێگەیشتم کە ئەو هێلێن خانمی عەبدوولڕەحمانی قاسملوویە کە بە کوردی پێی دەڵێن نەسرین و ئێمە سی و پێنج ساڵ لەمەوبەر، لە پراگ یەکترمان دیتبوو.

ئێمە یەکترمان لە ئامێز گرت و هەر بڵێی حەسرەتی سی و پێنج ساڵانمان لەسەر یەک هەڵگرت.

ئەو چاوپێکەوتنە لەگەڵ ئەو خانمە بەڕێزە، منی بۆ سی و پێنج ساڵ لەمەوبەر و سەردەمی گەنجیەتی گەڕاندەوە، من بیرەوەریی خۆشم لەو دیتنە هەیە و هیواداریشم ئێوەش چێژی لێوەربگرن:

ساڵی ١٩٧٤ بوو، من تازە ژیانی هاوبەشم پێک هێنابوو. من دەمویست لەگەڵ خێزانەکەم، بۆ سەیران بەرەو وڵاتێکی ئورووپایی بڕۆین. لەو ساڵانەدا گەڕان لە ئورووپا بۆ دانیشتووانی سۆڤییەتی ئەو کات قەدەخە بوو، بەڵام هەندێک ڕێگاش هەبوون کە لەگەڵ کاروانە گەڕۆک و توریستییەکاندا، بۆ وڵاتە سۆسیالیستە ئورووپاییەکان بڕۆین، هەر بۆیە ئێمەش لەو ڕێگەیە کەڵکمان وەرگرت.

لە بەر ئەوەی دایک و باوکی من، ساڵی ١٩٧١ بە بانگهێشتی سەرۆکی گۆڤاری "کێشەکانی ئاشتی و سۆسیالیزم" بۆ چێکۆسلۆڤاکی چووبوون و لەوێ چەند کوردێک وەک، ئاوازدانەری سروودی ئەی ڕەقیب، قادر دیلان و ئەوانیان دیتبوو، ئێمەش بڕیارمان دا بەرەو ئەو وڵاتە بڕۆین.

ئێمە لەنێو کاروانێکی گەنجاندا، بەرەو چێکۆسلۆڤاکی بەڕێ کەوتین. یەکەم شار کە لە پێشەوە گەیشتینە ئەوێ، پێتەختی ئەو وڵاتە "براتیسلاڤا" بوو.

چوونکە کاروانی ئێمە هەموو جەوان بوو، میوانخانەیان بۆ نەگرتین و لە خانوویەکی خوێندکارانی وڵاتە دەرەکییەکان جێیان بۆ دابین کردین. من کە ڕەنگ و ڕووخساری کەسەکانی نێو ئەو خانوویەم دەدیت، هەستم کردبوو کە دەبێ لێرەش کوردی لێ بێت.

ئیدی شەو بوو. من چوومە نێو حەوشەکەوە، دیتم کچ و کوڕێک پێکەوە دانیشتوون و دەدوێن.

نازانم چ بوو؟ دەموت، تۆ بڵێی ئەوە عەرەب بێت؟

بڕیارم دا لێی نزیک ببمەوە و پرسیاری کوردانی لێ بکەم کە لەو خانوویەدا کوردی لێیە یان نا؟

ئەوجار، نە من عەرەبی و چێکی دەزانم، نە ئەویش ڕووسی و ئەرمەنی دەزانێت؟!

من لە ناکاو یەکسەر لێم پرسی؟

عەرەب؟

ئەویش وەڵامی منی داوە و وتی: عەرەب!

منیش لێم پرسی: کورد، کورد، ئەکڕاد

وتی:

من کوردم...

وەک دەڵێن پشووم هاتەوە سەرخۆ و دواتر پێکەوە دەستمان بە قسەکردن کرد. ئەو پێی وتم کە لەو خانوویەدا ١٧ کوردی لێیە و کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە چێکۆسلۆڤاکیش هەر لێرەن.

هەمان ئێوارە، من زۆرینەی کوردەکانی ئەوێم ناسی و من و خانمەکەم سێ ڕۆژ لەوێ ماینەوە. ئێمە لەگەڵ کاروانەکە بۆ هیچ شوێنێک نەدەچووین و تەنیا لەگەڵ کوردەکان دەگەڕاین.

ئەو ڕۆژەی کە ئێمە لە براتیسلاڤاوە دەمانویست بۆ پراگ بڕۆین، سەرۆکی کۆمەڵەی خوێندکاران، دوکتور خەلیل ئیبراهیم، ژمارە تەلەفۆنی کوردێکی لەسەر کاغەز بۆ نووسیم کە لە پراگ بوو.

کاغەزەکەی پێدام و وتی: ئەگەر دەرفەت هەبوو، تەلەفۆنی بۆ بکەم و بیبینم.

ئێمە ماڵاواییمان لە کوردەکانی براتیسلاڤا خواست و بەرەو پراگ هاتین.

من کاغەزی ئەو هاوڕێیەم دەرهێنا، هەتا ناوی ئەو جوامێرە و تەلەفۆنەکەی بزانم، کە تەلەفۆنی بۆ بکەم.

لەسەر کاغەزەکە ناوی ئەو جوامێرە ئەوە بوو، "عەبدوولڕەحمانی قاسملوو".

من دەموت: ئەویش هاوڕێیەکە وەکوو ئەوان، بەو فکرەوە تەلەفۆنم کرد.

خانمێک تەلەفۆنەکەی وەڵام داوە و وتی: من هێلێنم.

ئەو بە سۆرانی وەڵامی منی داوە و ئەو کاتە کە زانی خەڵکی سۆڤیەتم و بە کورمانجی قسە دەکەم، ئەو جار بە کورمانجی وەڵامی دامەوە و وتی: بەداخەوە ئێستا، عەبدولڕەحمان قاسملوو لە ماڵ نییە، هەر بێتەوە پێی دەڵێت.

لە بەر ئەوەی ئێمە لە پراگیش لە ماڵی خوێندکاران دەماینەوە و تەلەفۆنمان نەبوو، من ناونیشان و ماڵ و ژمارەی ئۆدەکەشم پێدا.

دوای دوو کاتژمێر، عەبدوولڕەحمانی قاسملوو و هێلێن خانم، بۆ لای ئێمە هاتن.

ئەوان لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەی دیکە جیاوازییان هەبوو و ڕەنگی ئورووپا زۆرتر لە ئەوان دەکاڵاوە، ماقووڵ بوون.

ئێمە بە ماشینە فیاتە پۆڵۆنییەکەی ئەوان، هەندێک لەنێو شاردا گەڕاین، ئێمە زانیمان کە هەردووکیان مامۆستای زانکۆن.

ڕۆژی دواتر بۆ میوانی بۆ ماڵی ئەوان چووین.

لەوێ قاسملوو کتێبەکەی خۆی بە ناوی "کورد و کوردستان" کە بە سۆرانی بوو، لەگەڵ چرایەکی تەباخ کە بە دەست نەخشێندرابوو (ئێستاش لە ئۆدەکەمان لە جێیەکی بەرچاوە)، پێشکەش بە ئێمە کرد و دوای سێ ڕۆژ گەڕان و بەیەکەوەبوون، ماڵاواییمان لە یەکتر کرد و بە بارێک پڕ لە حەسرەت لە دڵماندا، ئێمە بەرەو وڵاتی خۆمان ئەرمەنستان، گەڕاینەوە.

لە بەر ئەوەی ئێمە سێ رۆژ لەسەر یەک پێکەوە بووین، من وام هەست کرد کە ئەوان ئێمەیان خۆش دەویست.

ئێمە بۆ "ڕەوان" هاتینەوە و من دەرحەق بە یەکترناسینی خۆمان و عەبدوولڕەحمان قاسملوو و خانمەکەی بۆ هەموویانم گێڕاوە، لەنێو ئەواندا کارمەندانی "ڕێیا تەزە"ش. ئەوان دەیانوت: کێ دەزانێی ئەوان کێ بوون؟

من ئەو کات نەمدەزانی کە ئەو قاسملووی گەورەیە کە لە دوای پراگ ماڵی خۆیان بۆ فەڕانسە گواستووەتەوە کە سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە کە پاریسی بەجێ هێشتووە و گەڕاوەتەوە چیاکانی کوردستان کە لەگەڵ پێشمەرگە قارەمانەکانی خۆیان بن.

نە کوردەکانی چێکۆسلۆڤاکیا و نە بۆ خۆشیان لەسەر ئەوەیکە قاسملوو سیاسەتمەدارێکی گەورەیە، هیچیان بە من نەوت. ڕەنگە ئاوا بیریان کردبێتەوە، کوردن، بەخێر بێن سەر چاومان، بەڵام کێ دەزانێت، ڕەنگە بۆ خێر نەهاتبێن و هەندێک کەس ئەوانیان بۆ لای ئێمە ناردبێت.

ئێمە لە پاشان، لە ساڵی ١٩٧٩دا بەسەر ئەوەوە چووین کە ئێمە کێمان دیتبوو، ئەو کاتەی هەموو ڕۆژنامەکانی سۆڤییەتی جاران کە بەناوبانگ بوون و لەسەر شۆڕشی ئێران و بەرگری و قارەمانییەتی کوردەکان بە سەرۆکایەتیی عەبدوولڕەحمانی قاسملوودا دەیاننووسی.

ئەو زانیارییانە بۆ ڕۆژنامەی "ڕییا تەزە"ش بەڕێ دەکران و لە بەر ئەوە لە ڕووسیدا "ئە(ع)،ق" نەبوو، بە ئا، کاسیملوو دەنووسرا.

لێرەدا وەبیر خەباتکارانی ڕۆژنامە کەوتەوە، کە من چوار ساڵ لەمەوبەر باسی ئەو مێرخاسەم کردبوو و ناوەکەیان بە ڕاستی دەنووسییەوە، ع. قاسملوو.

ساڵی ١٩٨٩ بوو، من و هاوسەرەکەم و دوو کچەکەم، لە ڕەوانەوە بە شەمەندەفڕ بەرەو مسکۆ دەچووین، هەتا چەند ڕۆژ سەرمان سووک بێت و کەیفێک بکەین.

لەسەر سنووری گورجستان-ئەبخازییا شەمەندەفەرەکەی ئێمە چەند کاتژمێرێک ڕاوەستا، بە منیان وت: لە نێوان گورجی و ئەبخازیدا شەڕ ڕووی داوە. ئێمە دەبێ چەند کاتژمێر یان چەند ڕۆژان لێرە بین، هەتا شەڕ کۆتایی دێت.

ڕۆژەکەی دیکە من لە بەر بەتاڵی چوومە نێو شار هەتا ڕۆژنامە بکڕم، هەتا ئاگاداری دۆخی دنیا بم. لە ڕۆژنامەی "ئیزڤێستیا"دا من خوێندمەوە کە سەرۆکی کوردستانی ئێران، عەبدوولڕەحمانی قاسملوو بە دەستی چەتە و تێرۆریستان، لە ئۆتریش شەهید کراوە.

دوای ڕۆژێک بە ئێمەیان وت کە شەمەندەفەرەکەمان، بەهۆی شەڕی بەردەوام ناتوانێت بچێتە مسکۆ و دەبێ بۆ "ڕەوان" بگەڕێتەوە.

لە ڕێگادا من تێدەفکریم: هێزێکی گەورە و نادیار بڕیاری داوە کە ئێستا کاتی خۆشی نییە، بگەڕێنەوە بۆ ماڵی خۆتان...

http://buyerpress.com/kurdi/?p=9383