کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

منداڵئازاری، پلەی یەکەمی توندوتیژی بنەماڵەیی لە ئێراندا هەیە

12:10 - 22 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ئازار و ئەزیەتی منداڵان لە نێو بنەماڵە ئێرانییەکاندا، لە سەروی هەموو توندوتیژییە بنەماڵەییەکاندایە.

سەرۆکی فریاکەوتنی کۆمەڵایەتیی ڕێکخراوی "بێهزیستیـ"ـی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند: "بەپێی ئامار و زانیارییەکان، لە گرووپی توندوتیژییە بنەماڵەییەکاندا، منداڵئازاری لە پلەی یەکەم و دوای ئەو هاوسەرئازاری لە پلەی دووەمدایە".

ناوبراو بە ئاماژەکردن بە ڕێژەی زۆری منداڵئازاری لە نێو بنەماڵەکانی ئێرانیدا، وتی: "ئازارگەیاندن بە بەساڵاچووان و کەمئەندامانیش، لە پلەکانی سێیەم و چوارەمی ئەم توندوتیژییانەدایە".

توندوتیژی بنەماڵەیی، بە شێوازگەلێكی جۆراوجۆر پێناسە كراوە و بەپێی ئاستی توندوتیژی و جۆری توندوتیژی بە شێوازگەلێكی جۆراوجۆر دابەش كراوە، کە منداڵئازاری و هاوسەرئازاری لە شێوازە باوەکانی توندوتیژی بنەماڵەیی لە ئێراندایە.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی "يونیسێف" و هەروەها ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییانەی کە پاڵپشت و داکۆکیکەری مافەکانی منداڵانن، ئەوەیان خستووەتە بەرچاو کە بە شێوەیەکی زۆر مەترسیدار، ژمارەی منداڵانی قوربانییانی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و زەبروزەنگ لە جیهان و بەتایبەتی لە وڵاتانی جیهانی سێهەمدا، زۆر لە زیادبووندایە.

هەروەها توندوتیژی تەنیا ئەوە نییە، كە شوێنەواری جەستەیی بەجێ بهێڵێت یان ئەوەی کە بەچاو ببینرێت، بەڵکوو توندوتیژی زۆربەی كاتەكان، ڕۆحی و دەروونی و جێنسییە و بە شێوازگەلێکی وەک: هەڕەشە، جنێودان، سووکایەتیكردن، هەڵسوكەوتی نەشیاو و... ئەنجام دەدرێت.