کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

منداڵانی کەمئەندام لە ئێران لە بیاوانەکاندا بەرەڵا دەکرێن

12:20 - 22 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسی دەفتەری "فەرهەنگی کەمئەندامان" وتوویەتی، هەندێک لە منداڵانی کەمئەندام لە بیاوانەکانی ئێراندا بەرەڵا دەکرێن.

"محەممەد نووری"، بەرپرسی دەفتەری "فەرهەنگی کەمئەندامان" وتوویەتی، لە هەندێک لە ناوچەکانی ئێران، منداڵانی کەمئەندام لە کێوەکاندا بەرەڵا دەکرێن و یان هەڵۆ دەیانبات یان گورگ دەیانخوات.

ناوبراو وتوویەتی، ئەو فەرهەنگەی کە "کەمئەندامان کەسانێکن کە شەیتان دزەی تێکردوون"، هێشتا تا ئاستێک لەنێو کۆمەڵگەی ئایینیی ئێراندا ماوەتەوە.

ئەرکی پێڕاگەیشتن و پشتگریکردن لە منداڵانی کەمئەندام و کەمئەندامان بەگشتی، لە ئەستۆی ڕێکخراوی "بێهزیستیـ"ـدایە.

دۆخی خراپی ژیانی خەڵک و هەژاری و دەستکورتیی خەڵک بۆ چارەسەرکردن و پێڕاگەیشتن بە کەمئەندامان، لە هۆکارەکانی بەرەڵاکردنی کەمئەندامان لە چۆڵەوانییەکانە.

لە لایەکی دیکەشەوە کەمتەرخەمیی بەرپرسان و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان بەو پرسە، زیاتر پەرە بەو دیاردەیە دەدات و هەوڵەکانی ئەو بەرپرسانەش تەنیا لە چوارچێوەی قسەی بریقەداردا دەمێنێتەوە و تا ئێستا نەچووەتە بواری کردەییەوە.