کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

منداڵێک لە کرماشان بەهۆی کەمتەرخەمیی نیگابانی "ئیستەخر" گیانی لەدەست دا

12:27 - 15 خەرمانان 2720

منداڵێکی خەڵکی کرماشان بەهۆی کەمتەرخەمیی نیگابانی ئیستەخری تاقەوسانی کرماشان بەنیسبەت داخستنی دەرگای ئیستەخرەوە کەوتە نێو ئاو و گیانی لەدەست دا.

ڕۆژی یەکشەممە ٩ی خەرمانان، منداڵێک بە ناوی "ئاریۆ محەممەدی" کوڕی "شەمزین و ژیلا فەیزوڵڵاهی" خەڵکی بۆکان لە پارکی تاقەوسانی کرماشاندا کەوتە نێو ئاوی ئەو ئیستەخرەوە و گیانی لەدەست دا.

ئەو ڕووداوە بەهۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسی پارکەکە و نیگابانی ئیستەخرەکەوە بەنیسبەت داخستنی دەرگای ئیستەخرەکە ڕووی داوە.

"ئاریۆ" بۆ ماوەی یەک کاتژمێر لەنێو ئیستەخرەکەدا و لە بن ئاودا ماوەتەوە.

بنەماڵەی "ئاریۆ" چەندین جار هەواڵی کوڕەکەیان لە نیگابانی ئیستەخرەکە پرسیوە، بەڵام نیگابانەکە وتوویەتی کە هیچ منداڵێکی نەبینیوە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئەو شوێنە چەندین کامێرای چاوەدیریی لەسەرە، بەڵام نیگابانی پارکەکە هەر نکۆڵیی لە بینینی منداڵەکە کردووە.

نزیکانی ئەو بنەماڵەیە باس لەوە دەکەن کە پاش گەڕانی بنەماڵەی "ئاریۆ" بە دوای منداڵەکەیاندا سەرەنجام پێڵاوەکانی دەبیننەوە و پاش ١ کاتژمێر هاوڕێیەکی "شەمزین فەیزوڵڵاهی" باوکی ئاریۆ، خۆی خستووەتە نێو ئیستەخرەکەوە و لە ئاوەکەی دەر هێناوە.

سەرەنجام "ئاریۆ" پاش ٧ ڕۆژ مانەوەی لە کۆمادا، ڕۆژی هەینی ١٤ی خەرمانان لە نەخۆشخانە کرماشان گیانی لەدەست دەدات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو ڕووداوە باسی لەوە کردووە کە ئاوی ئەو ئیستەخرە چەندین مانگ بووە کە نەیانگۆڕیوە و بەرپرسان و نیگابانەکانی ئەو شوێنە بەوپەڕی نابەرپرسیاریەتییەوە لە بەرانبەر گیانی مرۆڤێکدا هەڵسوکەوتیان کردووە.