کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ستیڤێن منووچێن: گەمارۆکانی سەر ئێران لە ٨٠ لەسەدەوە بە ١٠٠ لەسەد دەگەیەنین

11:38 - 6 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسێکی باڵای ئامریکا، ئاماژەی بە بەرینترکردن و بردنەسەرەوەی گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران کردووە.

"ستیڤێن منووچێن"، وەزیری خەزێنەداریی ئامریکا، لە وتووێژ لەگەڵ کاناڵی تەلەفزیۆنیی "سی‌.ئێن‌.بی.سیـ"ـدا، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی وتەکانی وەزیری دەرەوەی ئامریکا، کە وتبووی ٨٠ لەسەدی ئابووریی ئێران لە نێو گەمارۆکانی ئامریکادان، باسی لەوە کردووە کە ئەوان هەوڵ دەدەن گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران بە ئاستی ١٠٠ لەسەد بگەیەنن.

ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانیدا وتوویەتی: "دەبێت ئەوەش بڵێین کە هەموو خزمەتگوزارییە مرۆڤدۆستانەکان لەم گەمارۆوانە بەدەرن، چونکە پرسی ئێمە خەڵکی ئێران نییە، ئێمە لەگەڵ هەڵسوکەوتی ڕێژیمی دەسەڵاتدار لە ئێراندا بەرەوڕووین".

"منووچێن"، هەروەها بە ڕەتکردنەوەی ئەم قسەیە کە گەمارۆکان تەنیا ئامرازێکن، وتوویەتی: "ئێمە ئیمکاناتی زیاترمان لە بەردەستە و ئەم گەمارۆوانە وڵام دەدەنەوە و بە هێزەوە جێبەجێیان دەکەین".

وەزیری خەزێنەداریی ئامریکا، هەروەها لە بارەی دژکردەوەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە هەمبەر گەمارۆکاندا وتوویەتی: "هەموو ئەم دژکردەوانە نیشانەی ئەوەیە کە ئەم گەمارۆوانە کاریگەرییان هەبوو و وڵامیان داوەتەوە".

گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران هێندە کاریگەریی لەسەر ئابووریی ئەو ڕێژیمە داناوە کە لە هەموو لێدوان و قسەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیدا، ناتەوانی و دەستەوەستانییان بەدی دەکرێت و زۆربەی ئەو کردەوە تێکدەرانەی کە لە ناوچەکە ئەنجامی دەدەن، سەرەڕای گۆچگرتنیان بەو کردەوە دژە مرۆڤانەیان، بەڵام بێدەسەڵاتی و ناتوانایی ڕێژیم لە بەرانبەر گەمارۆکانی ئامریکا دەردەخات.