کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

موحسێن ڕەزایی: ڕیاڵی ئێران دەبێتە بەنرخترین دراوی ناوچەکە

12:21 - 13 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: هاوکات لەگەڵ دابەزینی بەرچاوی نرخ و بایەخی دراوی ئێران، موحسێن ڕەزایی لە لیدوانێکی سەرسووڕهێنەر و گاڵتەئامێزدا بانگەشەی ئەوە دەکات کە دراوی ئێران دەبێتە بەنرخترین دراوی ناوچەکە.

لە نوێترین قسە چەواشەکارانەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێراندا، موحسێن ڕەزایی، بەرپرسی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم، لە یاریگای " بەهەشتی فەر"ی بوشێهر داوای دووبارە بوونەوەی دەسکەوتەکانی شۆڕش لە دۆخی گوزەرانی خەڵک و ئابووریدا کردووە و ڕایگەیاندووە: "هەموومان پێكەوە ئامریکا لەباری ئابووریدا شکست دەدەین و لە داهاتوودا ڕیاڵ دەبێتە بەنرخترین دراوی ناوچەکە"

ئەم قسانەی موحسێن ڕەزایی لە کاتێکدایە کە لە ئێستادا دۆخی ئابووری ئێران ڕۆژبەڕۆژ بەرەو خراپتر بوون دەڕوات و خەڵک لە بارودۆخێکی خراپدا ژیان دەکەن؛ کە هەر بە قسەی بەناو نوێنەرێکی مەجلیس بایەخی ڕیاڵ لەچاو چوار دەیەی ڕابردوو گەیشتووەتە یەک لەسەر ٥٠٠ و پێشبینی کردووە کە هەتا چوار دەیەی داهاتوو هەر دۆلارێکی ئامریکایی بەرانبەر بێت بە ٣ میلیۆن تمەن.

ڕیاڵی ئێران بە بەراورد کردنی لەگەڵ دراوەکانی ناوچەکەشدا لە خراپترین دۆخدایە، بە شێوەیەک کە نرخی هەر دۆلارێکی ئامریکایی لەم چەند ڕۆژەی دواییدا گەیشتبووە ١٨٠ هەزار ڕیاڵ، لە کاتێکدا نرخی دۆلار بەرانبەر بە دراوی وڵاتانی ناوچەکە هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە و لە ئێستادا ڕیاڵ بە بێنرخترین دراوی ناوچەکە و جیهان بە هەژمار دێت.

لەگەڵ خراپتربوونی دۆخی ئابووری و سیاسی ئێران، لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەر کام لە بەرپرسانی ڕێژیم لە پێناو مانەوەی خۆیاندا دەستییان بە دانی دروشمی درۆینە کردووە و دەیانهەوێت لەم ڕێگەوە و بە پێدانی بەڵێنی بریقەدار بە خەڵک خۆڵ لە چاویان بکەن، نەوەک جارێکی دیکە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک دژ بەم ڕێژیمە سەرەڕۆیە سەر هەڵبداتەوە.