کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

موختار نەقشبەندی: ڕێژیمی ئێران بۆ نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی سووریە به سامانی خەڵک، په‌نا ده‌به‌ن بۆ وشه‌ی شه‌رعی تا به‌و شێوه‌یە له په‌نای ئایین و که‌ڵکوه‌رگرتن له هه‌ستی خەڵک، بۆ ئه‌م به‌فیڕۆدانی سه‌روه‌ت و سامانی وڵاته پاساو بهێننەوە

12:57 - 17 رەزبەر 2720

وتووێژ: بێهزاد قادری

"حەمید زادبووم" جێگری وەزیری پیشەیی ئێران وتوویەتی: "ئێران لە ئێستادا خەریکی هەناردەکردنی کەلوپەلی بیناسازییە بۆ نۆژەنکردنەوەی عێراق و سووریە و ئەو کارە بە ئەرکی شەرعیی خۆمان دەزانین".

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم باسی لەوە کردووە کە لە ئێستادا سووریە تەنیا وڵاتێکە کە لەگەڵ ئێران ڕێککەوتننامەی بازرگانیی ئازادی هەیە. "زادبووم" باسی لەوەش کردووە: "ئێمە لە ئێستادا خەرکین لەگەڵ پێنج وڵاتی ڕووسیە، قەزاقستان، ئەرمەنستان، بلاڕووس و قرقیزستان ڕێککەوتننامەی بازرگانیی ئازاد واژۆ دەکەین".

بۆ تاوتوێکردنی ئەم بابەتە، لەگەڵ بەڕێز "موختار نەقشبەندی" چالاکی سیاسی لە دەرەوەی وڵات وتووێژێکمان پێک هێناوە کە پێشکەشتانی دەکەین:

- بۆچی ڕێژیمی ئێران نۆژەنکردنەوەی سووریە بە ئەرکی شەرعیی خۆی دەزانێت؟

ڕێبهران و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ههمووکات بۆ پاساوهێنانهوه بۆ سیاسهت و کارهکانیان ههوڵیان داوه له ههستی ئایینیی خهڵک کهڵک وهربگرن، بۆیه پهنا دهبهن بۆ وشهگەلێکی ئایینی! ههروا که ئهو تێرۆریستانهی وا بۆ سهرکوتی خهڵکی سووریه ناردبوویان دهیانوت "مودافیعانی حهرهم"، ئێستایش بۆ پاساوهێنانهوه بۆ نۆژهنکردنهوهی سووریە به پارە و سامانی خەڵکی ئێران پهنا دهبهن بۆ وشهی شهرعی تا بهو شێوهیە له پهنای ئایین و کهڵکوهرگرتن له ههستی خەڵک، بۆ ئهم بهفیڕۆدانی سهروهت و سامانی وڵاته پاساو بهێننەوە. چل ساڵ پێش کۆمهڵگای ئێران فریوی ئهو وشانهیان دهخوارد بەڵام خودی بەرپرسانی ڕێژیم باش دهزانن ئێستا خەڵک، چ ئهوانهی وا باوهڕیان به ئایین ههیه و چ ئهوانهی وا باوهڕی ئایینییان نییه، هیچ باوهڕ و متمانهیەکیان به بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و ئهو باس و وشانه نییە و لای خەڵک بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران به باندی گەندەڵی و دزی و جینایهت ناسراون.

- لە حاڵێکدا کە پارەی ئێران ڕۆژبەڕۆژ بێنرختر دەبێت، ئایا ئێران توانای نۆژەنکردنەوەی سووریەی هەیە؟

بهپێی ئاماری ڕێکخراوه جیهانییەکان وهکوو بانکی جیهانیی ئابووریی ئێران له دوو ساڵی ڕابردوودا گەشەی نەرێنیی بووه (رشد منفی) و تەنانەت ههندێک ڕێکخراو ئهو گەشە نەرێنییەیان بە نزیک ١٠ لەسهد زانیوه و ئەمساڵیش ههم بههۆی کۆرۆنا و ههم خەساره ئابوورییهکان، دۆخی ئابووریی ئێران زۆر خراپتر دهبێت و تەنانەت ههندێک له بەرپرسانی ڕێژیم دانیان بهوهدا ناوه که دۆخی ژیانی خەڵک له کاتی شهڕ لهگهڵ عێراقیش خراپتره و ڕێژیم ناتوانێت پێداویستییهکانی خەڵک دابین بکات و ههر ماوهیەک پێش ئێستا ڕێژیمی ئێران به فهرمی داوای ٥ میلیارد دۆلار قهرزی له ڕێکخراوه جیهانییەکان کرد، جا بۆیه ئێران به هیچ شێوه ئهو توانایەی نییە که له پرۆژهی نۆژهنکردنهوهی سووریە که تهخمین لێ دهدرێت لەنێوان ٤٠٠ تا ١٠٠٠ میلیارد دۆلار بێت ڕۆڵی گرینگی ببێت و تهنیا دهتوانێت بۆ تهبلیغاتی سیاسی له ههندێک پرۆژهی بچووک به‌‌شداری بکات که ئهویش ههر گوشار بۆ ئابووری و خەڵکی ئێران دههێنێت. جێگای ئاماژهیه که ڕێژیمی ئێران ئهگهر توانای جێبهجێکردنی پرۆژهگەلی دهیان میلیارد دۆلاریی ببوایت، پهنای بۆ ڕێککەوتنی ٢٥ ساڵه لهگهڵ چین نەدەبرد که ئهو ڕێککەوتنە لهلایەن خەڵک و ئۆپۆزسیۆن به ڕێککەوتنی فرۆشتنی ئێران بهناوبانگه.

- نۆژەنکردنەوەی سووریە، چ کاریگەرییەک لەسەر دۆخی ئابووریی ئێران دادەنێت؟

بێجگه زهرهر هیچ خهیر و قازانجێکی نابێت. بەرپرسانی ڕێژیم بۆ پاساوهێنانهوه بۆ حوزووری سهربازییان له سووریە و بهفیرۆدانی دهیان میلیارد دۆلار، ههمووکات باسی ئهوه دهکهن که پرۆژهی نۆژهنکردنهوهی سووریە دهرفهتێکه که ئهو پوڵسنه وا له شهڕی سەوریە خهرجیان کردووه بگهڕێنهوه بۆ ئێران، بەڵام ئهو شته ئیمکانی نییە. ئاماری ورد نییە که شهڕی سووریە چهنده بۆ ئێران ههزینهی بووه بەڵام تهخمینهکان لەنێوان ٢٠ تا ١٠٠ میلیارد دۆلاره و ڕێژیمی ئێران به هیچ شێوهیەک ناتوانێت ئهو پارە و سوودی ئهو پارە لهو پرۆژانه بگهڕێنێتهوه بۆ ئێران. جێگای ئاماژهیه که دۆخی سووریە ئێستایش ڕوون نییە چی لێ بهسهر دێت، بۆیه بهگشتی ئهو باسانهی ڕێژیمی ئێران خهیاڵپڵاو و تهبلیغاتی سیاسییه.

- بازرگانیی ئازادی ئێران و سووریە بە چ واتایەکە و ئێران لەگەڵ چ وڵاتانێکی تر ڕێککەوتنی بازرگانیی ئازادی هەیە؟

بازرگانی و تیجارهتی ئازادی نێوان دوو وڵات بهو واتایەیە که هیچ سنوورێک (یان لانیکهم سنوورداریەتیی کهم)  بۆ هەناردە و هاوردە لەنێوان ئهو دوو وڵاتە لهلایەن دهوڵهتهکانهوه نابێت و کۆمپانیاکانی ئهو دوو وڵاته بهنیسبهت وڵاتانی تر قازانجی زیاتر دهکهن له پێوهندیی ئابووریی نێوان ئهو دوو وڵاته؛ بەڵام بهگشتی بههۆی گوشاری سیاسی و گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا، ئهم باسی بازهرگانی و تیجارهتی ئازاد لەنێوان ئهم دوو وڵاته و وڵاتانی تر تهنیا شتێکی تهبلیغییه و لهم دۆخهی ئێستا  ئێران به کردهوه لهگهڵ هیچ وڵاتێک پێوهندی و تیجارهتی ئازادی نییە.

- لە کاتێکدا کە ئێران بە توندترین شێوە لەلایەن ئامریکاوە گەمارۆی لەسەرە، ئایا دەتوانێت ڕێککەوتنی ئازاد لەگەڵ وڵاتانێکی دیکە واژۆ بکات؟

واژۆکردنی ڕێککهوتن ئاسانه، بەڵام له کردهوه ناتوانن هیچ بکهن، ڕێژیمی ئێران تهنانهت ناتوانێت له ئاستی ١٠٠ ملیون دۆلاریش مهعامهلاتی ئابووری بکات، جا چۆن دهتوانێت لهگهڵ وڵاتانی تر ڕێککهوتنی بازرگانیی ئازاد واژۆ بکات و هاوردە و هەناردەی له ئاستی میلیارد دۆلاردا هەبێت! لهلایکی تریشهوه هیچ وڵاتێک له ترسی سزای ئامریکا ناوێرێت که پێوهندیی ئابووری لهگهڵ ئێران هەبێت و تهنانهت چین که دووەمین ئابووریی جیهانه، چ وهکوو حکوومهت و چ کۆمپانیاکانی ئهو وڵاته، له ترسی سزاکانی ئامریکا خۆیان له مهعامله و بازرگانی لهگهڵ ئێران دهپارێزن، بۆیه لهم دۆخی ئێستا که ئێران بۆ بچووکترین مهعاملاتی بانکی له ئاستی جیهان کێشهی ههیه، ئهم باسانه تهنیا تهبلیغاتی سیاسین و لهگهڵ ههر وڵاتێکیش ڕێککهوتن واژۆ بکه،ن له کردهوه هیچیان بۆ ناکرێت.

- "حەمید زادبووم" جێگری وەزیری پیشەیی ئێران ئیدعای ئەوەشی کردووه که ئابووریی ئێران بههێزه، بۆیه گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا شکستی خواردووه و ئیدعای کردەوه که ئێران یەکێک لە ٢٠ ئابووریی بههێزی جیهانه و دەبا له گرووپی ج ٢٠ (G20) ببوایەت، ئەم ئیدەعایەی ناوبراو چۆن لێک دەدەنەوە؟

بهپێی ئاماری بانکی جیهانی له ساڵی ٢٠١٩دا ئێران به بەرهەمهێنانی ناپاقژی نێوخۆیی ٤٤٥ میلیارد دۆلاری، له پلهی ٢٨ی ئابووریی جیهاندا بووه، هەڵبەت چونکە لهسهر ئێران گەمارۆ ههیه، ئاماری ساڵی ٢٠١٧ی ئێرانیان داناوه و بهپێی ئهوەیکه ئێران گەشەی نەرێنیی ئابووریی زۆر بووه، ئهگهر ساڵێکی تر لیست بدرێت، بهدڵنیاییهوه پلهی ئێران زۆر خوارتر له ئێستای دهبێت، بۆیه ئهم قسه و ئیدعای "حەمید زادبووم" به هیچ شێوهیەک ڕاست نییە. جێگای ئاماژهیه که  گهورهیی بەرهەمهێنانی ناپاقژی نێوخۆیی وڵاتێک به واتای دۆخی ژیانی باشی خەڵکی ئهو وڵاته نییە و سهرانهی بەرهەمهێنانی ناپاقژی نێوخۆیی پێوەرە بۆ دۆخی ئابووریی خەڵک، بۆ نموونه بەرهەمهێنانی ناپاقژی نێوخۆیی ئێران ٤٤٥ و ئیماراتی یەکگرتووی عهرهبی ٤٢١ میلیارد دۆلاره، بەڵام چونکە حەشیمەتی ئیمارات نزیکەی ١٠ ملیون کهسه،  سهرانهی ئابووریی ههر ئیماراتییەک ٨ بهرابهری ههر ئێرانییەکه! هەروەها سهرانهی ئابووریی جیهان ١١ ههزار دۆلاره، بۆیه ئێران به سهرانهی ئابووریی ٥ ههزار دۆلاری له نێونجی جیهانیش زۆر کهمتره و خەڵکی ئێران له بواری ئابوورییەوە ههژارن.