کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"مودافعانی حەرەم" دەستیان لە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ئێراندا هەبووە

10:26 - 15 رێبەندان 2719

ماڵپەڕی "دەنگی مودافعان" کە سەر بە هێزەکانی "مودافعانی حەرەمـ"ـی ڕێژیمی ئێرانە، نووسیویەتی، زۆرێک لە هێزەکانی ئەم گرووپە لە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەر لە شارەکانی ئێراندا، بەشدارییان هەبووە.

سپای تێرۆریستی پاسداران، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، هەزاران چەکداری لە پاکستان، ئەفغانستان، لوبنان، عێراق و ئێران لەگەڵ خۆی بردە سووریەوە، تاکوو ڕێژیمی "بەشار ئەسەد" لە ڕووخان بپارێزێت و ناوی "مودافعانی حەرەمـ"ـی لەسەریان نا.

لە دەقێکدا کە لەم ماڵپەڕە بڵاو بووەتەوە، هاتووە: "دەبینین کە دەوڵەتییەکان دووبارە مودافعانی حەرەمیان ناردووەتە ڕیزی یەکەمی شەڕ لەگەڵ خەڵکی خۆیان و لە هەمان کاتدا هیچ بەرپرسیاریەتییەک لەئەستۆ ناگرن".

لە درێژەدا هاتووە: "هەروەها کە لە مانگی خەزەڵوەردا بینیمان، ناڕەزایەتییەکان تووشی توندوتیژی بوون و زۆرێک لە مودافعانی حەرەم ناچار بوون کە بۆ سەرکوتی ناڕازییان بێنە نێو ئەم ڕەوتەوە و هەندێک لە مودافعەکان وەک مورتەزا ئیبراهیمی کوژران. لەم ڕەوتیشەدا دووبارە مودافعان بوون بە قوربانی و دەوڵەتییەکان خۆیان بە بەرپرسیار نازانن".

ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ئێران و کوردستان، لەگەڵ سەرکوتی توند بەرەوڕوو بووەوە و بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ڕویتێرز"، ١٥٠٠ کەس بوون بە قوربانی. ئەم خۆپیشاندانانە کە بەهۆی گرانیی بێنزینەوە دەستی پێکرد، خێرا بوو بە خۆپیشاندانێک دژی ڕێژیم و ئەسڵی ویلایەتی فەقیهـ".