کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

موقتەدا سەدر داوای چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئێران لە عێراق دەکات

10:26 - 1 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: موقتەدا سەدر داوا لە پارلەمانی عێراق دەکات، کە پرۆژەیاسای چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئێران، تورکیە و ئیتالیا لە عێراق، پەسەند بکرێت.

میدیاکانی نزیک لە ڕەوتی سەدر بڵاویان کردووەتەوە؛ موقتەدا سەدر، ڕێبەری هاوپەیمانیی سائێرون، داوای لە پارلەمانی عێراقی فیدراڵ کردووە، کە پرۆژە یاسایەک تایبەت بە چوونەدەرەوەی هێزە سەربازییەکانی ئێران، تورکیە و ئیتالیا لە عێراق، پەسەند بکرێت.

لەم پەیوەندییەدا نوێنەرانی سەربە هاوپەیمانیی "فەتح" و "سائێرون" لە پارلەمانی عێراق، داوای پەسەندکردنی پرۆژەیاسای چوونەدەرەوەی هێزە سەربازییەکانی ئامریکایان کردبوو، بەڵام لایەنگرانی ڕەوتی سەدر، لەم بارەیەوە ناڕەزایەتییان دەربڕی و ڕاگەیاندووە کە دەبێت هەموو ئەو هێزە بیانییانەی کە لە عێراقدا جێگر کراون، لەم وڵاتە بچنە دەرەوە و عێراق بۆ هێزە عێراقییەکان بەجێ بهێڵن.

پێشتریش پەنجا نوێنەری پارلەمانی عێراق کە لایەنگرانی نووری مالکی و قەیس خەزعەلی بوون، لە ڕەشنووسێکدا پرۆژەیاسایەکیان سەبارەت بە چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئامریکا لە عێراق، ڕادەستی پارلەمان کردبوو، بەڵام ڕەشنووسەکە لە لایەن پارلەمانەوە ڕەت کرایەوە.

سەعدی مەتالبی، نوێنەری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاساییی سەربە ڕەوتی نووری مالکی، وێڕای ئاماژەدان بەوە کە کاربەدەستانی سیاسیی و سەربازیی ئامریکا لە ڕابردوودا هەموو هەوڵێکی خۆیان خسووەتە گڕ، تاکوو هەر چەشنە ڕەشنووس و پرۆژەیاسایەک سەبارەت بە چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئامریکا لە عێراقدا، لە لایەن پارلەمانی عێراقەوە ڕەت بکرێتەوە، وتی: "ژمارەیەک لەو نوێنەرانەی کە پێشتر داوای چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئامریکایان لە عێراقدا کردبوو، ئێستا لە هەڵوێستەکەی خۆیان پەشیمان بوونەتەوە و ڕای خۆیان گۆڕیوە".

پێشریش ئیرەج مەسجدی، باڵوێزی ڕێژیمی ئێران لە عێراق ڕایگەیاندبوو کە پاش کۆتایی هاتن بە شەڕی داعش لە عێراق، هێزەکانی ئێران ئەم وڵاتە بەجێ دەهێڵن، بەڵام ئەم قسانەی باڵوێزی ڕێژیم تەنیا لێداونێکی چەواشەکارانە بوو و هێزەکانی ڕێژیم نە تەنیا لەو وڵاتە نەچوونەتە دەرەوە، بەڵکوو ڕۆڵێکی تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانەیان لە عێراقدا هەیە و کردەوە تێرۆریستییەکانی خۆیان لەم وڵاتە پەرە پێداوە.