کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"موقتەدا سەدر" داوای کردووە کە هەموو گرووپە چەکدارەکانی "عێراق" هەڵوەشێندرێنەوە

13:04 - 25 پووشپەڕ 2722

لە وڵامی بانگەوازی "موقتەدا سەدر" ڕێبەری ڕەوتی سەدر، دەیان عێراقیی لایەنگری ناوبراو، بۆ بەڕێوەبردنی نوێژی هەینی لە شارۆچکەی "سەدر" لە یەکیک لە ناوچەکانی دەوروبەری "بە‌غدا" کۆ بوونەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئاسۆشەیتدپرێس، "موقتەدا سەدر" ڕۆژی هەینی ٢٤ی پووشپەڕ، لە حاڵێکدا ئەو بانگەوازەی بڵاو کردووەتەوە کە وڵاتی "عێراق" لە دوای هەڵبژاردنەکانی پارلمانیی ساڵی پێشوو، لە بارودۆخی چڕی گرژی و قەیرانە سیاسییەکاندایە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە لایەنگرانی "سەدر" لە سەرتاسەری "عێراقـ"ـەوە هاتبوون و شەقامی ئەلفەلاحییەی ئەو شارۆچکەیە، بەهۆی بەشداریی بەرچاوی لایەنگرانی ئەو ڕەوتە جمەی دەهات، بە شێوەیەک کە هەموویان جلی سپییان لەبەر کردبوو و یەکدەنگ دروشمیان دەدا و ئاڵای عێراقیان لەگەڵ خۆیان دەگێڕا.

لە نوێژی هەینیی ٢٤ی پووشپەڕی شارۆچکەی "سەدر"، ڕێبەری ئەو ڕەوتە بۆ خۆی بەشداریی نەکردووە بەڵکوو پێشنوێژی هەینی لەلایەن شێخ "مەحموود ئەلجەیاشی" بەڕێوە چووە.

لەو بانگەوازەدا "سەدر" وتوویەتی: "ئەگەر بمانهەوێت دەوڵەت پێک بهێنین دەبێ داگیرکەران وەدەربنێین و گەندەڵکاران موحاکمە بکەین".

لە بەشێکی دیکەی ئەو بانگەوازەدا "سەدر" داوای کردووە کە هەموو گرووپە چەکدارەکانی عێراق چەک بکرێن و هەڵبوەشێنەوە و حەشدی شەعبیش دەبێ سەرلەنوێ ڕێک بخرێتەوە و کەسانی سەرپێچیکار لە یاسا و ڕێسا وەدەر بنرێن و بسڕێنەوە.