کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"موقتەدا سەدر" لە ڕەوتی سیاسیی عێراق پاشەکشەی کرد

12:28 - 26 جۆزەردان 2722

''موقتەدا سەدر'' ڕێبەری شیعەی ڕەوتی سەدەر و هاوپەیمانی براوە لە هەڵبژاردنەکانی مانگی ئۆکتۆبری ڕابردوو ڕایگەیاند کە لە ڕەوتی سیاسی لەو وڵاتە پاشەکشە دەکات، هەروەها وتیشی کە بەهۆی بوونی گەندەڵکاران لە هەڵبژارنەکانی داهاتووی عێراق بەشداری ناکات.

هەواڵدەریی فەرمیی ''واع'' لە عێراق شەوی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردان لە زاری "موقتەدا سەدر" کە لەگەڵ ئەندامانی فراکسیۆنی سەدر چاوپێکەوتنیان هەبووە باسی لەوە کرد کە ناوبراو وتوویەتی: ''بۆیە بڕیاری پاشەکشەم لە ڕەوتی سیاسی داوە هەتا نە لەم دنیایە و نە لە دنیای دیکە لەگەڵ گەندەڵکاران شەریک نەبم''.

ناوبراو بە ئامادەبوون لەنێو ئەندامانی فراکسیۆنی خۆی وتوویەتی: ''بەهۆی بوونی گەندەڵکاران لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بەشداری ناکەم، مەگەر ئەویکە گەندەڵکاران و هەر کەسێک عێراقیان تاڵان کردووە و خوێنی خەڵکیان ڕشتووە، وەلا بنێم''.

بە دوای کارشکێنییەکانی گرووپە سیاسی و میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ڕەوتی پێکهێنانی دەوڵەتی عێراق و دوای ئەوەیکە ڕێبەری ڕەوتی سەدر ڕایگەیاند، نوێنەرانی ئەندامی پارلمانی سەر بە سەدر ئامادەییان بۆ دەست لەکارکێشانەوە دەربڕیوە، ئەو هاوپەیمانییە پێنجشەممەی ڕابردوو بە شێوەی گرووپی دەستیان لەکار کێشایەوە.

موقتەدا سەدر لە ماوەی ڕابردوودا لە لێدوانێکدا بنبەستی سیاسی لە عێراقی بە ساختەیی ناو لێ بردووە و جەختی کردەوە کە چارەسەرکردنی کاروباری ئەو وڵاتە جگە بە پێکهێنانی دەوڵەتێکی زۆرینەی نیشتمانی ئیمکانی نابێت.