کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"موقتەدا سەدر" لەبابەت پێکهێنانی دەوڵەت، ١٥ ڕۆژ کاتی دیاری کرد

13:28 - 16 بانەمەڕ 2722

"موقتەدا سەدر" ڕێبەری ڕەوتی سەدر لەبابەت پێکهێنانی دەوڵەت ماوەی ١٥ ڕۆژ کاتی بۆ نوێنەرانی سەربەخۆی پارلمان دیاری کرد و لەو بارەوە ڕایگەیاندووە: |ڕێبەرایەتیی سیاسی لە عێراق سێ لایەن بەڕێوەی دەبەن".

ناوبراو وتوویەتی، هەوڵەکانی ڕەوتی سەدر بۆ دروستکردنی دەوڵەت دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق سەری نەگرت و بە دوای ئەوەدا پێکهێنانی دەوڵەت درایە دەستی لایەنی هاوئاهەنگی پارلمان و چل ڕۆژ کات درا، بەڵام بە ئاکامێک نەگەیشت.

"موقتەدا سەدر" هەروەها دەڵێت، لە ئێستادا ١٥ ڕۆژ کاتمان دیاری کردووە بۆ نوێنەرانی سەربەخۆی پارلمان لەبابەت پێکهێنانی دەوڵەت کە پێویست دەکات کە چل کەس بن و هەوڵی خۆیان لەو بارەوە بدەن.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە، نوێنەرانی سەربەخۆ پێویستە بێنە ڕیزی هاوپەیمانی زۆرینەوە بۆ پێکهێنانی دەوڵەت.

هاوپەیمانی زۆرینە کە لە فراکسیۆنی سەدر و کورد لە عێراقدا پێک هاتووە، دەنگ بە دەوڵەتی پێکهاتوو لەلایەن نوێنەرانی سەربەخۆ دەدات. ڕەوتی سەدر لەو دەوڵەتەدا هیچ وەزیرێکی نابێت، پازدە ڕۆژ کات دراوە بەو نوێنەرانە کە دەوڵەت پێک بهێنن و بەڕێوەبەری سیاسی لە عێراقدا دیاری بکرێت.