کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

موقتەدا سەدر: پێشنیار بە مالکی دەکەم لە گۆشەیەک دابنیشێت و واز لە سیاسەت بێنێت

12:45 - 28 پووشپەڕ 2722

دەنگدانەوەی فایلە دەنگییە دزەپێکراوەکەی وتارە مشتومڕاوییەکەی نووری مالکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق کە تێیدا ڕەخنەی لە زۆربەی کەسایەتییە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە بە تایبەت موقتەدا سەدر گرتبوو، هەروا بەردەوامە.

''موقتەدا سەدر'' لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتر ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی پووشپەڕ لە وڵامی ئەم ئاشکراکردنانەدا وێڕای محکوومکردنی قسەکانی مالکی، باسی لەوە کرد کە ناوبراو بە هیچ شێوازێک مافی ڕێبەریکردنی عێراقی نییە.

سەدر وتوویەتی: ''پێشنیار بە مالکی دەکەم لە گۆشەیەک دابنیشێت و واز لە سیاسەت بێنێت''. موقتەدا سەدر ئاماژەی بەوە دا: "بە دەسەڵاتگەیشتنی مالکی دەبێتە هۆی لەناوبردنی عێراق و خەڵکەکەی".

لەم فایلەدا ''نووری مالکی'' سەدری بە "بکوژ" ناو بردووە و خۆی و لایەنگرانی بە "ترسۆک" وەسف کردووە. مالکی هەروەها ''مەسعوود بارزانی'' سەرۆکی پارتی دێموکراتی کوردستانی بەوە تۆمەتبار کردووە کە لە ڕێگای ڕاکێشانی ئاوارەکانی سوننە مەزهەب و ڕێبەرەکانیان، زەربە لە شیعەکان دەدات.