کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"موقتەدا سەدر": ڕێگا لە ئاژاوەگێڕان دەگرین

11:05 - 22 بەفرانبار 2721

"موقتەدا سەدر" ڕێبەری ڕەوتی سەدر ڕایگەیاندووە دەوڵەتی داهاتووی عێراق دەوڵەتێکی یاسامەند دەبێ و ئاژاوەگێڕان لەو دەسەڵاتەدا جێگایەکیان نابێ و پێداگریی لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینە لە عێراقدا کردووە.

ناوبراو ڕایگەیاندووە بەرەو دروستکردنی حکوومەتی زۆرینە هەنگاو هەڵدەگرین و لەو ڕاستایەشدا دەرگا بە ڕووی کەسانی دڵسۆز کراوە دەبێ.

ناوبراو جەختی کردووەتەوە ڕێگا بە هیچ کەس نادەین ئاسایشی و ئاشتیی نێوخۆیی عێراق تێک بدات و دەوڵەتی داهاتوو، دەوڵەتێکی یاسامەند دەبێ و ڕێگا لە ئاژاوەگێڕان دەگرێت.

ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە دانیشتنی کۆتایی پارلماندا وتبووی: بۆ ئەوەی ڕێگا لە شەڕ و توندوتیژیی عەشیرەتی و گرووپی لە عێراقدا بگیرێ، پێویستە دەسەڵاتێکی یاسامەند پێک بێت و لە عێراقدا یاسا سەروەر بێت.

ناوبراو جەختی کردووەتەوە ئەو حکوومەتەی کە پێک دێت، پێویست دەکات شیعە و سوننە و کورد تێیدا مافی یەکتر بپارێزن.

ناوبراو باسی لەوە کردووە گرووپ و میلیشیا چەکدارەکان لە عێراقدا جێگایان نییە و پێویست دەکا ئاسایشی وڵات لەلایەن پۆلیس و ئەرتەش و هێزە ئەمنییەکانەوە بپارێزرێ.

قسەکانی ناوبراو ڕوو لە ڕێژیمی ئێرانە کە ڕێژیمی ئێران بە یارمەتیی گرووپە میلیشیاییەکان دەستێوەردان لە کاروباری عێراقدا دەکات.

ڕەوتی سەدر بە ڕێبەرایەتیی "موقتەدا سەدر" لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردووی پارلماندا بە بەدەستهێنانی ٧٣ کورسی لە کۆی گشتیی ٣٢٩ کورسیی پارلمان، توانی زیاترین کورسی بەدەست بێنێت.