کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مووشەکی بالستیکیی حووسییەکان هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر دراوسێیەکانییە

13:38 - 7 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: وتەبێژی هاوپەیمانەتیی عەرەب، لە کۆنفڕانسێکی هەواڵیدا، هەبوونی مووشەکی بالستیکیی لە دەستی حووسییەکانی بە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر دراوسێیەکان زانی.

ڕۆژی دووشەممە ٦ی جۆزەردان، "تورکی ئەلمالکی"، وتەبێژی هاوپەیمانەتیی عەرەبی، لە کۆنفڕانسێکی هەواڵیدا ڕایگەیاند، ئەو مووشەکە بالستیکییانەی کە حووسییەکان، "لە پێوەندی لەگەڵ ئێران و گرووپە تێرۆریستییەکاندا" بەدەستیان هێناوە، هەڕەشەیە بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە.

ئەلمالکی وتوویەتی: کە هێزێکی مووشەکیی کە حووسییەکان هەیانە، خاوەن هەڕەشەگەلێکە بۆ نێوخۆی یەمەن و وڵاتانی ناوچەکە.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردووە، کە حووسییەکان پێشتر مووشەکگەلێکیان بە بڕینی مەوادی ٣٣٠ تا ٥٠٠ کیلۆمێتریان لە ئەرتەشی یەمەن بەدەست هێناوە.

هەروەها ڕایگەیاندووە، حیزبوڵڵای لوبنان مووشەکگەلێکی لە جۆری "فاتح" و فڕۆکەی بێفرۆکەوانی بە حووسییەکان داوە.

ئەلمالکی بە ئاماژەکردن بە هێرشی حووسییەکان، بە کەڵکوەرگرتن لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر یەمەن، وتی: "هاوپەیمانەتیی عەرەبی بەردەوام دەبێت، لە بەئامانجگرتن و پێکانی تواناییی نیزامیی حوووسییەکان لەوانە: مووشەکی بالستیکی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بەلەمە خێراکان".

حووسییەکان یەک لەو هێزانەن کە بە پشتیوانیی ئێران چالاکیی تێکدەرانە لە ناوەچەکەدا بەڕێوە دەبات و کەرەستەی نیزامی و شەڕکەریشی هەر لە لایەن ڕێژیمی ئێران و سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە دابین دەکرێت.