کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مووشەکێکی ڕێژیمی ئێران ۳۰ میلیشیای حووسی کوشت

13:14 - 18 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: مووشەکێکی بالستیکیی ڕێژیمی ئێران، لە کاتی هاوێشتن لە سەکۆی مووشەکیی حوسییەکانی یەمەندا، تەقیوەتەوە و ۳۰ کەسیانی کوشتووە.

ڕۆژی شەممە، ۱۷ی خاکەلێوە، هەواڵدەرییەکانی یەمەن، لە چەندین ڕاپۆرتی جیاوازدا بڵاویان کردووەتەوە، کە میلیشیا حووسییەکانی یەمەن و هێزەکانی لقی قودسی سپای تێرۆریستی پاسداران، مووشەکێکی بالستیکیی ڕێژیمی ئاژاوەگێڕی ئیسلامیی ئێرانیان لە سەکۆیەکی مووشەکیدا داناوە کە بەرەو ناوچەکانی ژێردەستی سپای نیشتمانیی یەمەن بیهاوێن، بەڵام پێش هاویشتن لە سەکۆوەکەدا تەقیوەتەوە و ۳۰ کەسیانی کوشتووه.

شایانی باسە، ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن چەند پاسداری ڕێژیمیش کوژراون.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، تەقینەوەی ئەو مووشەکە لە ناوچەی "حەزیز"، لە باشووری پارێزگای "سەنعا" بووە و لە کاتی ئامادەکاریی بۆ ڕەوانەکردنی مووشەکەکە لە لایەن میلیشیا چەکدارە حووسییەکان و هێزەکانی لقی قودسی سپای تێرۆیستی پاسدارانەوە، چەند چرکە پێش ئەوەی بهاویژرێت، لە سەکۆوەکەدا تەقیوەتەوە.

ڕێژیمی ئاژاوەگێڕی ئیسلامیی ئێران، جیا لەوەی کە ساڵانە هەزاران میلیارد دۆلار پاڵپشتیی دارایی و ماڵی بۆ گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچەکە دەنێرێت و وەکوو داردەستێکی خۆی کەڵکیان لێ وەردەگرێت، هەموو جۆرە چەک و تەقەمەنی، مووشەک، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سەرجەم کەرەستە سەربازییەکانیان پێ دەدات، هەتاکوو شەڕ و ئاژاوە لە ناوچەکەدا دروست بکەن.

حکوومەتی یەمەن چەندین جار ناڕەزایەتیی خۆی لە هەمبەر دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری نێوخۆیی ئەو وڵاتەدا و بەتایبەت پاڵپشتیکردنی ڕێژیمی ئێران لە میلیشیا چەکدارە حووسییەکان بۆ ئاژاوەگێڕی لە وڵاتی یەمەن و ڕەوانەکردنی کەرەستەی شەڕی بۆ ئەو گرووپە تێرۆریستییە، دەربڕیوە.

ئەگەرچی لەم بارەوە زۆر بەڵگە وەکوو تەقینەوەی ئەو مووشەکە و بەڵگەکانی تر سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن، کە ڕێژیمی ئاژاوەگێڕی ئێران چەکی قورس و مووشەک بە گرووپە تێرۆریتسییەکانی ناوچەکە دەدات، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران وەکوو سیاسەتی ئاژاوەگێڕانەی هەمیشەییی خۆیان حاشا لە ڕاستییەکان و پاڵپشتی لە میلیشیا چەکدارەکانی وڵاتانی ناوچەکە دەکەن.