کوردستان میدیا: لە ڕێبەندانی ئەمساڵەوە، مووچەی پاسدارەکانی سپای پاسداران، تا ٢ میلیۆن تمەن زیاد دەکات؛ پێشتریش بوودجەی تەرخانکراو بۆ سپای پاسداران، ناکۆکیی خستبووە نێوان ئەم دەزگایە و ئەرتەشی ڕێژیمەوە.
محەممەد جەعفەری، فەرماندەی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ پاسدارە خانەنشینکراوەکان جەختی کردووەتەوە، کە مووچەی فەرمانبەرانی سپای پاسداران لە ٥٠٠ هەزار تمەنەوە بۆ ٢ میلیۆن تمەن زیادی کردووە.
ئەم زیادکردنە مووچە لە حاڵێکدایە، کە وڵامی کرێکاران سەبارەت بەم داخوازییە نەدراوەتەوە و بە بیانووی "کەمیی سەرچاوەی ماڵی" داخوازییەکەیان لەمەڕ زیادکردنی مووچەکەیان ڕەت کراوەتەوە.
جەعفەری سەبارەت به مووچەی خانەنشینکراوان وتوویەتی: ئەوە پێوەندی به سپای پاسدارانەوە نییە و ئەوان دەبێ لە سندووقی خانەنشینکراوانی هێزە چەکدارەکان بەدواداچوون بۆ ئەوە بکەن.
پێشتریش سەبارەت به تەرخانکردنی بوودجە بۆ سپا و ئەرتەش لە نێوان ئەو دوو ناوەندە ڕێژیمدا ناکۆکی دروست ببوو.
پاسدار ڕەحیم مووسەوی، فەرماندەی گشتی ئەرتەشی ڕێژیم، وتبووی: "دەوڵەت بۆ ئەرتەش لە ساڵی ٩٨دا ١٠ هەزار میلیارد تمەن بوودجەی دیاری کردووە، کە هەزار میلیارد تمەن لە ساڵی پێشوو کەمترە و لە بەرانبەردا ٥ هەزار میلیارد تمەن زیاتر لە ئەرتەش بوودجەی بە سپا دراوە، کە بڕی ٢٥ هەزار میلیارد تمەنە و بە بەراورد لە گەڵ ساڵی ڕابردوو ٢ قات و نیو زیادی کردووە و زیاتر لە دوو هێندەی بوودجەی ئەرتەشە.
ڕێژیمی ئێران بە هۆی ئەوەی کە بۆ سەرکوتی خەڵک لە هێزەکانی سپای پاسداران کەڵک وەردەگرێت و هەروەها به هۆی ئاڵۆزییەک کە لە دۆخی ئێستای ئێراندا هەیە، ناچارە بە دانی پارە و زیادکردنی مووچە ئەو هێزانە ڕاگرێت و بۆ مەبەستی دیاریکراوی خۆی بەکاریان بێنێت.