کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مووچەی کرێکاران تەنیا بەشی ١٠ ڕۆژیان دەکات

10:40 - 25 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: ئەندامێکی لێژنەی بەڕێوەبەریی کانوونی کار لە لێدوانێکدا باسی لە دۆخی شپرزی ژیانی کرێکاران لە ئێران کرد و وتی: کرێکاران ناتوانن گۆشت بخۆن و مووچەکەشیان تەنیا بەشی ١٠ ڕۆژ لە مانگێکدا دەکات.

عەلی ئەسڵانی ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەریی کانوونی کار لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی ئیسنا ڕایگەیاندووە: دۆخی ژیانی کرێکاران زۆر نالەبار و نەگونجاوە؛ هەلومەرجی کرێکاران باش نییە بەچەشنێک کە دەتوانم بڵێم ٩٠%ی کرێکاران ناتوانن گۆشت بخۆن چوونکە مووچەکەیان ئەوەندە نییە کە بتوانن گۆشت بکڕن.

ناوبراو وتوویەتی: بەهۆی هەلومەرجی ئێستامان مەودای نێوان هێڵی هەژاری و هەڵاوسان گەیشتووەتە ٥٣%؛ لە وەها بارودۆخێکیشدا مووچەی کرێکارێک تەنیا بەشی ١٠ ڕۆژی دەکات لە مانگدا.

ئەسڵانی باس لە نیزیک بوونەوەی نەورۆز و ساڵی نوێ کردووە و دەڵێ: بە نیزیک بوونەوە لە ساڵی نوێ، گوشارەکان بۆسەر ئەم چینە کەمداهاتە زیاتریش دەبێ و کێشەکانیان دووقات زیاتر دەبنەوە، کەواتە زیادکردنی ٢٠%ی مووچە و حەقدەست کە بۆ ساڵی ٩٨ لەبەرچاو گیراوە ناتوانێ قەرەبووی مەوداکان بکاتەوە.

ئەم ئەندامەی لێژنەی بەڕێوەبەریی کانوونی کار هەروەها دەڵێ: "ئێوە بیهێننە پێش چاوی خۆتان، کرێکارێک لە ماڵەکەیدا نەخۆشێکی تایبەتی هەیە کە دەرمانەکانی یان دەس ناکەون یان بە نرخی یەکجار گران لە بازاڕی ئازاددا هەیە، ئەو کرێکارە دەبێ چی بکات؟ یان هەر لە بەشی دەرماندا، بوونی ٧٩ جۆر دەرمان کە بۆ کرێکاران پێویستییە لەلایەن بیمەوە ساپۆڕت ناکرێت و دەبێ لە بازاڕی ئازاددا بکڕدرێت."