کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مووگرینی: سەبارەت به بەرنامه مووشەکییەکەی ئێران لەگەڵ ئامریکا، نیگەرانیی هاوبەشمان هەیە

11:02 - 26 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، ڕایگەیاندووە که هەرچەند لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا سەبارەت به ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران هاوڕا نین بەڵام سەبارەت به بەرنامه مووشەکییەکەی تاران لەگەڵ ئەم وڵاتە، نیگەرانیی هاوبەشمان هەیە.

فێدریکا مووگرینی، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، سەبارەت به بەشدارنەبوونی لە کۆبوونەوەی دوو ڕۆژەی ئاشتی و ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوین که لە وەرشۆ بەڕێوە چوو، ڕایگەیاندووە کە بۆ دانیشتنێکی ناتۆ لە برووکسێل بووە؛ هەروەها وتوویەتی: لەگەڵ ئامریکا لە سەر هەندێ بابەت و یەک لەوان بەرنامە مووشەکییەکانی ئێران هاوڕاین بەڵام لە سەر ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران ڕوانگەی جیاوازمان هەیە.

مایک پێنس، جێگری سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە ڕۆژی دووهەمی کۆنفرانسی وەرشۆدا ئورووپاییەکانی بەوە تۆمەتبار کرد که به درووستکردنی کاناڵی ماڵیی "ئینس تێکس" جیا لەوەی کە لایەنی ئێران بەهیز دەکەنەوە، بەڵکوو درێژەدانی ئەم سیاسەتانە بۆشایی نێوان ئورووپا و ئامریکا زیاتر دەکاتەوە.

وڵاتانی ئورووپایی بەردەوام داوایان لە ئێران کردووە که بەرنامه مووشەکییەکەی خۆی ڕابگرێت.

یەکیەتیی ئوروپا له ١٦ی ڕێبەندانی ئەمساڵدا به بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێکی هاوبەش لەمەڕ گەشەی بەرنامەی مووشەکیی ئێران نیگەرانیی خۆی دەربڕی.

سێ ڕۆژ پاش بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاگەیەندراوە که تێیدا باس له بەربڵاوبوونەوەی تاقیکارییە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران کرابوو، هێزی هەوافەزای سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران پەردەی لە سەر مووشەکی بالێستیکی دێزفوول و هەروەها ناوەندێکی ژێرزەوینیی درووستکردنی مووشەک لادا.