کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

موی‌تای‌کارانی کامیاران کە زۆرترین شانازییان بەدەست هێناوە، لە خراپترین دۆخدان

13:07 - 9 رەزبەر 2720

موی‌تای‌کارانی کامیاران سەڕەڕای ئەوەیکە لە کێبڕکێیەکانی ئاستی ئاسیادا سەرکەوتنی گەورەیان بەدەست هێناوە، لەوپەڕی بێ ئیمکاناتیدا بەسەر دەبەن و لەلایەن کاربەدەستان ڕێژیمەوە هیچ گرینگییەکیان پێ نادرێت.

''حوسێن باتمانی'' بەرپرسی هەیئەتی ڕەزمیی کامیاران وتوویەتی: "هۆڵی ڕاهێنانی موی‌تای‌کارانی ئەو شارە لەوپەڕی خراپیدایە و هیچ ئیمکاناتێک بۆ وەرزشوانانی ئەو لقە وەرزشییە دابین ناکرێت؛ چەندین جار ئەو کێشەیەمان بە گوێی بەرپرسان گەیاندووە، بەڵام هیچکەس وڵامدەر نییە".

ناوبراو باسی لەوە کردووە: "زۆربەی ئیمکاناتی وەرزشی وەکوو کیسەبۆکس و کەرەستەی ڕاهێنانمان بە یارمەتیی خێرخوازان و خودی وەرزشکاران دابین کردووە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ بودجەیەک بۆ پشتگیری لەو وەرزشە تەرخان نەکراوە".

باتمانی وتوویەتی: ''چونکە هۆڵی ڕاهێنان باش نییە، ناچارین هەموو ڕۆژیک دوای ڕاهێنان لەو هۆڵەدا لە هەوای سارددا پاک و خاوێنیی ئەو هۆڵە بکەین، پرسیاری من ئەوەیە کە ئایا هەیئەتێکی وەرزشی کە ئەو هەموو قارەمانیەتی و شانازییەی هەیە، ئەوە مافەکەیەتی؟".

لاوانی کوردستان بەردەوام نیشانیان داوە کە کە لە بواری وەرزشییەوە تواناییەکی زۆریان هەیە، بەڵام بەهۆی پەراوێزخستن و پشتیوانی نەکردنیان لەلایەن بەرپرسان و ناوەندەکانی ڕێژیمەوە، ڕێگا نادرێت وەرزشوانانی کورد بدرەوشێنەوە.