کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مۆحسێن ڕەزایی: دەستی ڕێژیم لە کڕێن و فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکان دایه

13:18 - 31 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: سەرۆکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە، دەستی کاربەدەستانی ڕێژیم لە کڕێن و فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکان دایه.

سەرۆکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران، لە گرتە ویدیۆیەکدا بڵاوی کردووەتەوە، کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران کەڵکاژۆ لە دەسەڵات وەردەگرن و کێشە بۆ وڵات دروست دەکەن.

ئەو کاربەدەستە پلەبەرزەی ڕێژیمی ئێران لەو گرتە ویدیۆیەدا باس لەوە دەکات: "بۆنموونە، کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لەو دەسەڵاتەی کە هەیانە کەڵکاژۆ وەردەگرن، مەسەلەن بۆ چی کێشەی مادده هۆشبەرەکان لە ئێراندا کۆتایی پێ نایەت؟ ئەو سنوورەی کە قاچاغی مادده هۆشبەرەکانی تێدا ئەنجام دەدرێت سنوورێکی دیاریکراوە، چونکە بێ گومان دەستی کاربەدەستانی دەوڵەتی تێدایە".

ناوبرا باس لەوە دەکات، دەبێ دەستی ئەو کەسانە ببڕدرێت و ناکرێت بە خاتری چەند کەس چاوپۆشی لەو مەسەلەیە بکەین.

مانگی جۆزەردانی ئەمساڵێش "ئیبراهیمی"، دەبیری شۆرای هاوئاهەنگی خەبات بە دژی ماددە هۆشبەرەکان، باسی لەوە کردبوو، کە قاچاغی ماددەی هۆشبەر لە ئێراندا لە ئاستێکدایە کە لەگەڵ داهاتی فرۆشی نەوتی ئێران هاوتەرازن.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم وتبووی: تەمەنی نێوەنجیی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان لە ئێراندا، گەیشتووەتە تەمەنی ١٤ ساڵ و تریاک، هروئین، شیشە و گوڵ، زۆرترین بەکارهێنەریان هەیە و ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوییەوە هەتا ئێستە ٥٣ هەزار کەس بە هۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، گیانیان لەدەست داوە.

زۆرجار بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، باس لەوە دەکەن کە بەتەواوەتی دژی قاچاخی ماددەی هۆشبەرن و لە هەوڵدان بنبڕی بکەن، بەڵام بەپێچەوانە بەشێک لە سیاسەتە نامرۆڤانەکانی ڕێژیم بە دژی خەڵکی ئێرانە و بەکارهێنەر و قاچاخی ماددەی هۆشبەر لە ئێراندا بە هۆی دەسەڵاتداریەتیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، نەک کەمی نەکردووە بەڵکوو ڕۆژ لەدوای رۆژ زیاتر دەکات.