کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مۆرەکانی ڕێژیم لە کوردستان پرۆپاگەندا بۆ هەڵبژاردنەکان دەکەن

12:04 - 22 بانەمەڕ 2721

لە شار و گوندەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری و شۆرای شار و گوندەکان؛ بەکرێگیراو و مۆرەکانی ڕێژیمی ئێران دەستیان بە پرۆپاگەندا کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" چەند کەس لە قاچاخچییەکانی ورمێ کە پێشتر پەروەندەیان لە دەورلێدانەوەی تەحریمەکاندا هەبووە و هاوکاری سپای پاسداران و بابەک زەنجانی بوونە و تەنانەت لە تورکیە دەستیان لە تێرۆر و ڕفاندنی ئوپۆزیسیۆنی ڕێژیمیدا هەبووە، بانگهێشتی تاران کراون.

ئەو کەسانە لە بەرانبەر هەڵپەساردنی پەروەندەی تاوانباریی خۆیان لە دەزگای قەزاییدا، بەڵێنییان لێ وەرگیراوە کە بازاڕگەرمی بۆ هەڵبژاردنەکان و شەخسی ئیبراهیم ڕەئیسی بکەن.

ئەو کەسانە لە دوای ئەوەیکە گەڕاونەتەوە، هەر یەکەیان بڕی پێنج  میلیارد تمەنیان بۆ کاری خێرخوازی، بەڵام بە مەبەستی سیاسی و گوڕوتیندان بە هەڵبژاردن و پرۆپاگاندا بۆ ڕەئیسی تەرخان کردووە.

یەکێک لەو کەسانە "ناجی شەریفیی زندەشتی" مۆرەی ڕێژیمە کە پرۆپاگەندا بۆهەڵبژاردنەکان دەکات.

 ئەو مۆرانە ئێستا گوند بە گوند دەگەڕێن و بۆ هەر ماڵێک بڕی یەک میلیۆن تمەن و هەندێ خواردەمەنی بە بنەماڵە هەژارەکان دەبەخشن کە ئەمەش خیانەت و چاوساغیکردنە بۆ دوژمن لەو دۆخە هەستیارەدا.

هاوکات لە سنە کەسانێکی وەک "خالید زالیە، حاجی عەتا، ئەسعەد شەبڕەنگ و کەسانی دیکە کە پەروەندەی تاوانباریان لە دەزگای قەزاییدا هەیە و لە بەڕێوەبەرانی کاناڵی "ئەعمەکـ"ـن؛ ئێستا پرۆپاگەندا بۆ هەڵبژاردنەکان دەکەن.

ئەو کەسانە دەیانهەوێ پشتیوانی لە کەسانی سپایی وەک: "هووشەنگ ئەمینی، سەباح حەسەنی، ئەسعەد فەتاحی و بێهرووز ئیبراهیم ئابادی" بکەن.

لە لایەکی دیکەوە گرووپەکانی دیکە وەک: "ئەنجوومەنی ڕێزگرتن لە هونەرمەندان، حەوتوونامەی ئاڵا، ڕۆژ باش کوردستان و حەوتوونامەی سەرزەمین" پرۆپاگەندا بۆ هەڵبژاردنەکان دەکەن.