کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مۆرەکانی ڕێژیم، نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵک نین

13:41 - 20 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، بە پۆشینی جلوبەرگی ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسداران سەلماندیان کە دەستنیشانکراوی ڕێژیمن.

پاش ئەوەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕێکخراوی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناساند، بەشیک لە نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم ئێران لە دانیشتنی فەرمی مەجلیسدا، به جلوبەرگی ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە دەرکەوتوون.

ئەم نوێنەرانە کە لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا، خۆیان بە خەمخۆر و هاودەردی خەڵک دەزانن، سەلماندیان کە دەستنیشانکراوی ڕێژیمی ئێرانن و نوێنەری داخوازییەکانی خەڵکی مافخوراوی ئێران نین.

خەڵکی ئێران کە سپای تێرۆریستی پاسداران به سەرچاوەی پەرپەرپێدانی هەژاری، بێکاری، سەرکوت، گەندەڵی، بەفێڕۆدانی سامانی وڵات و هەموو قەیرانەکان دەزانن، بەتەواوەتی بۆیان دەرکەوت کە ئەو کەسانەی کە خۆیان بە نوێنەری خەڵک دەزانن، بەشێکن لە مۆرەکانی ئەم ڕێژیمە پاوانخوازە.

ئەوە لە کاتێکدایە، کە خەڵکی زۆربەی ناوچە لافاولێدراوەکان بە هۆی هاتنی لافاو ماڵ و ژیانیان لە دەست داوە، نوێنەرانی بەناو خەڵک لە مەجلیسی ڕێژیمیشدا، هیچ هەڵویست و هەنگاوێکیان بۆ چارەسەریی ئەم قەیرانانە هەڵ نەگرتووه، بەڵام لە بەرانبەر بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران، کە سەرچاوەی هەموو قیرانەکانە بە پۆشینی جلوبەرگی ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە، سەلماندیان کە دەستنیشانکراوی ڕێژیمی دیکتاتۆری ئێرانن.