کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مۆرەیەکی حیزبوڵڵای لوبنان لە ئامریکا ٤٠ ساڵ زیندانی بە سەردا سەپا

12:23 - 13 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: دادگایەکی نیۆیۆرک، ئامریکاییەکی بە ڕەچەڵەک لوبنانیی بە تۆمەتی پێوەندیی نهێنی لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان و پلانداڕێژی بۆ بەڕێوەبردنی هێرشگەلی کوشندە، بە ٤٠ ساڵ زیندان مەحکووم کرد.

"عەلی کوورانی"، تەمەن ٣٥ ساڵ ، لەدایکبووی لوبنان و دانیشتووی نیۆیۆرک، سەرەڕای ئەوەی کە لە ڕابردوودا سەبارەت بە ئامانجگەلێک وەک "فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی جان ئێف کێنێدی" و هەندێک لە "باڵاخانەکانی فێدێڕاڵ لە مەنهەتەنی نیۆیۆرک"، خەریکی کۆکردنەوەی زانیاری بووە، لە مانگی مەی ئەمساڵدا، لە ٨ حاڵەتی تاواندا بە تاوانبار ناسراوە.

بەرپرسانی ئامریکایی وتوویانە ئەو چالاکییانە بە فەرمانی فەرماندەرانی حیزبوڵڵا بەڕێوە دەچوو کە، لە ساڵی ٢٠٠٨ی زایینیدا ئەو کەسەیان وەک مەئمووری نهێنی داناوە.

بەپێی بەڵگەی کەیفەریی دەرکراو، "عەلی کوورانی"، لە ساڵی ٢٠٠٣ی زایینیدا کۆچبەری وڵاتی ئامریکا بووە و لە ساڵی ٢٠٠٩دا بووەتە هاووڵاتیی ئامریکایی و دادوەرەکانی ئەو دۆسییە لە یەکەمین بڕیارەکاندا داوای زیندانی هەتاهەتاییان بۆ ناوبراو کردبوو.

بەرپرسانی ئامریکایی وتوویانە ناوبراو لە درێژەی لێپێچینەوەکاندا، دانی بە پەیوەندی لەگەڵ حیزبوڵڵادا داناوە و وتوویەتی لە کەمپە نیزامییەکانی ئەو گرووپەدا لە لوبنان، ڕاهێنانی پێکراوە.