کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مۆرەیەکی ڕێژیمی ئێران به کۆمەڵێک زانیاریی سایبێرییەوە هەڵاتووە

11:38 - 13 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: هەندێک سەرچاوەی دژ به کۆماری ئیسلامیی ئێران، باس لە هەڵاتنی مۆرەیەکی ڕێژیم دەکەن کە لە ئێران چووەتە دەرەوە و لە باڵوێزخانەی یەکێک لە وڵاتە ڕۆژاواییەکان نیشتەجێ بووە.

ماڵپەڕی ئینگلیزیی "ISICRC" لە زاری یەکێک لە نزیکەکانی عەلی شەمخانی، بەرپرسی شۆرای باڵای ئەمنیەتی ڕێژیمی ئێرانەوە، ڕایگەیاندووە توورەج ئیسماعیلی، ڕاوێژکاری باڵای بەشی سایبێریی ئەم شۆرایە و ئەندامی باڵای ڕێکخراوی پەدافەندی سایبێری و مووشەکی، لە ئێران هەڵاتووە و پەنای بۆ باڵوێزخانەی یەکێک لە وڵاتە ڕۆژاواییەکان بردووە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، توورەج ئیسماعیلی، سەدان بەڵگەی گرینگ و نهێنی سەبارەت به ساز و کاری زانیاری سایبێری ئێرانی لە گەڵ خۆی بردووەتە دەرەوە.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە، توورەج ئیسماعیلی لە کاتێکدا کە لە هۆتێلی شاری ستامبۆل نیشتەجێ بووە، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە پێی دەزانرێ و به هاوکاری لەگەڵ میتی تورکیە، هێرش دەکرێتە سەری بەڵام ناوبراو دەتوانێت لەو شوێنەش هەڵێت.

به وتەی ئەم سەرچاوەیە، لە سەرەتای مانگی ئاوریلی ٢٠١٨ەوە سێ کەس لە کارمەندانی باڵای شۆرای ئەمنیەتی ڕێژیم به تاوانی سیخوڕی دەستبەسەر کراون.

سەبارەت به هەڵاتنی ئەم مۆرەیەی ڕێژیم تاکوو ئێستا لە لایەن میدیاکانی ڕێژیمی ئێرانەوە هیچ زانیارییەک بڵاو نەکراوەتەوە.