کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٥ مۆم بە نیشانەی ٢٥مین ساڵـڕۆژی شەهیدبوونی دوکتور قاسلوو لە مەریوان هەڵکرا

16:19 - 26 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: کۆمەڵێک لە رێبوارانی مەکتەبی قاسملوو لە پارکی تازە دامەزراوی ٢٦ی گوڵانی شاری مەریوان، ٢٥ مۆمیان بە نیشانەی ٢٥مین ساڵـڕۆژی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو هەڵکرد.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، کاتژمێر ١١ی شەوی رێکەوتی ٢٤ی پووشپەڕ کۆمەڵێک لە هاووڵاتییانی شاری مەریوان بە کۆبوونەوە لە پارکی \'\'٢٦ی گوڵان\'\'، رێزیان لە یادی ٢٥مین ساڵـڕۆژی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو گرت.

لە سەرەتای ئەو کۆبوونەوەدا سروودی نەتەوەیی \'\'ئەی رەقیب\'\' لەلایەن یەکێک لە بەشدارانەوە خوێندرا و ١ خولەک بێ دەنگی بە یادی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی راگیرا و دواتر بەم بۆنەوە بەشدارانی کۆبوونەوە نێوی پارکی \'\'٢٦ی گوڵان\'\'یان بۆ \'\'پارکی ئاشتی\'\' یەکێک لە سیفەتەکانی دوکتور قاسملوو گۆڕی.

لەو رێوڕەسمەدا یەکێک لە بەشداران بەیاننامەیەکی بەبۆنەی ٢٥مین ساڵـڕۆژی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو خوێندەوە.

بەپێی ئەم راپۆرتە، بەرپرسانی ئەو پارکە وێڕای ئاگادارکردنەوە پۆلیس لە هەوڵی دروستکردنی لەمپەر بۆ چوونەدەرەوە بەڕێوەبەران و بەشدارانی کۆبوونەوەکە لە \'\'پارکی ئاشتی\'\'دا داوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.

دەقی ئەو بەیاننامەیە کە لەو کۆبوونەوەیەدا خوێندراوەتەوە بەم چەشنەیە:

8925.jpg


نەتەوەی کورد له رێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی رێبەرێکی ئەفسانەیی و بێ وێنەی خوێ له رێگای گەیشتن به مافی ئینسانی و نەتەوەیی خۆیدا بەخت کرد و بەم پێیەش سەلمێندرا که کورد هەردەم له رێگای گەیشتن به لووتکەی ئازادی و مافی چارەی خۆنووسیدا بوێرانه ئامادەی بەڕێوەبردنی هەر چەشنه خەباتێک بۆ بەرەوڕووبوونەوەی داگیرکەرانی نیشتمانەکەیەتی.

ئێمه کۆمەڵێک له لاوانی شوێنکەوتوو و خوێندکاری مەکتەبی ئەو کەسایەتییه مێژوویی‌یه، ئەم کردەوەی داگیرکەرانی دژه مرۆیی کوردستان و سەرجەم جیهان شەرمەزار دەکەین و وێڕای ئیدانەکردنی هەموو کردەوەیەکی تیرۆریستی له جیهاندا، له رێگای گەیشتن به ویست و خواستەکانی ئەو رێبەره نەمره که بێ گومان ویست و داواکاریی رەوای نەتەوەکەیەتی، بەڵێنی خۆمان نوێ دەکەینەوه و بوێرانه و گیان لەسەر دەست ئامادەی بەرنگاربوونەوه و درێژەپێدانی رێگای شەهیدانی گەلەکەمانی به ئەنجامدەرانی خوێنڕیژی ئەو تاوانه نەتەوەیی ئاگادار بن. هەروا که ئاگادارین ئەگەر له رێکەوتی روودانی ئەو جینایەتەدا قاسملوو تەنیا بووبێت ئەوا ئەمڕۆ لەسەر هەر کورسیەکی قوتابخانه، له هەر مەکۆ و مەتەرێزێکی ئەم نیشتمانیدا قاسملوویەک راوەستاوه. خوێنی ئەو شەهیده وەکوو تاڤگەیەک له حەقیقەت له دەماری لاوانی نیشتمانپەروەری کورد بڵاو بووەتەوه.

قاسملوو زیندووه، هەتا کوردێک و ئینسانێکی ئازادیخواز زیندوو بێت
نەمان بۆ ترۆریست

کۆمەڵێک له رێبوارانی رێگای دوکتور قاسملوو
٢٤/٤/١٣٩٣