کوردستان میدیا: کەناڵی "سکای نیوزی عەرەبی" لە ڕاپۆرتێکیدا بە گرینگییەوە لە چالاکییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە نێوخۆی وڵات دوا.
لەو ڕاپۆرتەی سکای نیوزی عەرەبیدا کە ڕێکەوتی ١١ی پوشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی بڵاوبووەتەوە، باسی چالاکی و خەباتی قارەمانانەی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کردووە و لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە: "حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران جەختی کردووەتەوە کە خەباتی خۆی لە زۆربەی شارەکانی کوردستان درێژه پێ دەدات و هێزکانیشی لە کوردستان جێگیر و بڵاوە پێکردووە".
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، هاوکات حیزبی دێموکرات خۆی بۆ گۆڕانکارییەکانی ناوچە، کە بە باشی هەستی پێدەکرێت ئامادە کردووە و جەختیشی کردووەتەوە کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئامادەگیی ئەوەی هەیە کە هەر چەشنە هێرشێکی دوژمن وڵام بداتەوە".
ئەو کاناڵە هەروەها چاوپێکەوتنی لەگەڵ "کاوە بەهرامی" فەرماندەی، فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەنجامداوە و کاوەی بەهرامی جەختی لەسەر بەهێزی و توانایی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کردوەتەوە و وتویەتی: "هێزەکانی ئێمە توانای هەرجۆرە بەرپەچدانەوەیەکی هێرشەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان هەیە".
ئەم کەناڵە لە وتووێژێکدا، لەگەڵ "کەریم پەرویزی" ئەندامی دەستەی کارگێریی حیزبی دێموکرات ئاشکرای کردووە: "هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە نێو خەڵکدا و لە هەموو شارەکانی کوردستانیشدا پێشمەرگە حزووری هەیە".
پەرویزی باسی لەوەش کرد کە: "هێزی پێشمەرگەی کوردستان هێرش ناکەنە سەر بنکە و بارەگاکانی ڕێژیمی ئێران و تەنیا دەیانهەوێ پێوەندییان لەگەڵ خەڵک هەبێ، بەڵام هەر هێرشێکی ڕێژیم لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە وڵام دەدرێتەوە".
لەگەڵ دەسپێکردنەوەی خەباتی نوێی حیزبی دێـموکرات ڕاسان، هەروەها حزووری ڕاستەوخۆی هێزەکانی پێشـمەرگە لە ناوخۆی وڵاتدا، ڕێژیم ترسی لێنیشتووە و چەندین جار هێرشی کردووەتە هێزەکانی پێشمەرگە کە به توندی لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە وەڵام دراوەتەوە و میدیا جیهانییەکانیش بە گرینگیەوە لە سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە دەڕوانن.