کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میدیاکانی سەر بە رێژیمی ئێران دژکردەوەیان بە دیداری ڕووسیە و ئیسرائیل پیشان دا

10:59 - 27 رێبەندان 2721

 لە دوای ئەوەیکە هەیئەتێکی ئیسرائیل لەگەڵ "میخائیل ئۆلیانۆف" نوینەری ڕووسیە لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی گرووپی ڕووسیە لە ڕەوتی دانوستانەکانی بەرجام لە "ڤییەن" دیدار و وتووێژی کردووە، میدیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران دژکردەوەیان بەو دیدارە پیشان داوە.

ماڵپەڕی "نوورنیوز" کە گرێدراو بە شورای ئەمنییەتی ڕێژیمی ئێرانە هێرشێکی چڕی کردووەتە سەر ئیسرائیل و بڵاوی کردووەتەوە ئەو وڵاتە دەورێکی ڕووخێنەری لە لە ڕەوتی بەرجامدا هەبووە.

هەروەها ئەو ماڵپەڕە ناڕاستەوخۆ ڕەخنەی لە ڕووسیە گرتووە وتوویەتی وڵاتی ڕووسیە لەپێش چاوی بیروڕای گشتیی نێوخۆی ئێران و ئاستی جیهان خۆی وەکوو هاوپەیمانی پلە یەکی ئێران دەردەخات بەڵام وا نییە.

"نوور نیوز" بڵاوی کردووەتەوە کە ئەو سەفەرەی ئیسرائیل هۆکارێکە بۆ ئەوەی لە دۆخە هەستیارەی ئێستادا کۆسپ بکەوێتە بەردەم گەشەی دانوستانەکانی ڤییەن".

لە ڕوانگەی چاودێرانی سیاسییەوە، "کرێملین" پەیوەندییەکانیی لەگەڵ "ئۆرشەلیم" لە "تاران" پێ گرینگترە و ئیزن نادات ڕێژیمی ئێران دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات و بۆ پێشگرتن بە زێدەخوازییە ناوکییەکانی ئەو ڕێژیمە هاوکاریی وڵاتانی ڕۆژاوایی و ئیسرائیل دەکات.