کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میدیاکانی هیند: سپای پاسداران لە تەقینەوەکەی بەردەم باڵوێزخانەی ئیسرائیل لە هیند دەستی هەبووە

11:33 - 18 رەشەمه 2720

دوای مانگێک لە تەقینەوەی دوو بۆمب لە دەرەوەی باڵوێزخانەی ئیسرائیل لە "دێهلیی نوێـ"ـی پێتەختی وڵاتی هیند، ناوەندەکانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تێرۆریزم لە هیند ڕایانگەیاند کە تیمێکی تێرۆریستیی سەر بە هێزەکانی قودسی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، بکەرانی ئەو هێرشە بوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی ''هیندوستان تایمز'' ناوەندەکانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ تێرۆریزم لە هیند لیستەیەکیان لە کەسانی گومانلێکراو بڵاو کردەوە و ئاکامی لێکۆڵینەوەکانیان نیشان دەدات، سپای قودسی ڕێژیمی ئێران داڕێژەری پیلانی ئەو کردەوە تێرۆریستییە بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ڕۆژنامەیە، بکەرانی ئەو تەقینەوەیە ئەم پیلانەیان بە شیوازێک داڕشتبوو کە گرووپی داعش وەکوو تۆمەتبار بناسرێت، بەڵام دژە تێرۆریستی هیند دڵنیان کە ئەو تەقینەوەیە بەشێک لە شەڕی سپای پاسداران دژی ئیسرائیل بووە.

لەو پیوەندییەدا میدیاکانی ئیسرائیلی ڕایانگەیاندووە کە گرووپی ''جەیشولهیند'' کە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران پێوەندیی هەیە، ئەو تەقینەوەیەی وەئەستۆ گرتووە.

لەمبارەوە ڕۆژنامەی ''ئەندیا تودەی'' لە زاری سەرچاوەیەک لە پۆلیسی هیند وتوویەتی، لە شوێنی تەقینەوەکە نامەیەک دۆزراوەتەوە کە ڕوو لە باڵوێزی ئیسرائیل نووسراوە کە تێیدا ناوی ''قاسم سلێمانی و موحسێن فەخریزادە'' هاتووە.

مانگێک لەمەوبەر لە بەردەم باڵوێزخانەی ئیسرائیل لە دێهلیی نوێ تەقینەوەیەک ڕووی دا کە زیانی گیانیی نەبوو و تەنیا شکانی شووشەی سێ ماشینی لێکەوتەوە.