کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم دان بە تاوانەکانیدا دەنێت

10:09 - 12 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: میدیاکانی ڕێژیمی ئێران بۆ یەکەمین جار لەبارەی سەرکوتی خۆپیشاندەران لە ڕێگەی چەکی گەرمەوە دان بە تاوانەکانی خۆیاندا دەنێن و باس لە چۆنیەتیی کوشتنی خۆپیشاندەران دەکات.

تێلێڤیزیۆنی دەوڵەتیی ئێران بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک، کوشتاری خۆپیشاندەران و تەقە لە خۆپیشاندەرانی نێو قامیشەکانی ماهشەهریشی پشتڕاست کردووەتەوە.

دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم بە دروستکردنی ڕاپۆرتێک و بڵاوکردنەوەی لە تێلێڤیزیۆنی خۆیدا، لەژێر ناوی "ڕاوەستەیەک لەسەر پرۆژەی کوشتەسازیی ڕووداوەکانی ئەم دواییانە لە ڕاگەیاندنە دژبەرەکاندا"، دانی بە تاوانەکانی خۆی بەرانبەر بە خۆپیشاندەراندا ناوە.

میدیاکانی ڕێژیم سەرەڕای ئەوەی کە خۆپیشاندەرانی بە "ئەشرار" و "ئاژاوەگێڕ" ناو بردووە، ناچار بە دانپێدانان بە کوشتاری خەڵک و تەقە لە خۆپیشاندەران بووە.

هەروەها ئەو ڕاپۆرتە، خۆپیشاندەرانی تاوانبار بە چەکداربوون کردووە، لە حاڵێکدا کە خۆپیشاندەران لەنێو گەمارۆی هێزە چەکدارەکاندا و لەژێر دەستڕێژیی گوللـەدا گیانیان لەدەست داوە.