کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میدیاکانی ڕێژیمی ئێران باس لە مەترسیی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەکەن

18:07 - 13 رەزبەر 2721

ڕۆژنامەی "مەردۆم سالاری" یەکێک لە ڕۆژنامەکانی ڕێژیمی ئێران بڵاوی کردووەتەوە پرسی سەربەخۆیی کوردستان هەتا ئێستاش یەکێک لە بابەتەکانی ئیسرائیل وڵاتانی ڕۆژاواییه.

ئەو ڕۆژنامەیە بڵاوی کردووەتەوە پرسی سەربەخۆیی بەردەوام لەلایەن ئیسرائیل وڵاتانی ڕۆژاوایی بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.

یەکێک لە کارناسانی شرۆڤەکاری دۆخی ناوچەکە وتوویەتی هەتا ئێستا هەرێمی کوردستان لەبارەی داهاتی نەوتی خۆی هیچ ڕوونکردنەوەیەک نادات.

بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ وڵاتی تورکیە دەستیان بە ئاڵووێری بازرگانیی گەورە کردووە.

بازرگانیی نێوان ئەو دوو حکوومەتە ناڕەزایەتیی توندی ڕێژیمی ئێرانی لێ کەوتووەتەوە و کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران دەڵێن، ئەوە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی "عێراقـ"ـە.

تورکیە چەندین گرێبەستی نەوتیی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کردووە کە گرینگترینیان بۆڕی نەوتیی "جیهانـ"ـه.

بۆڕی نەوتیی "جیهان" لەژێر دەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندایە.

پێش ئەنجامدانی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان چەندین وڵاتی ناوچە لەوانە وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل و چەندین وڵاتی ڕۆژئاوایی و کەسایەتیی ناوداری جیهانی پشتیوانی خۆیان لە سەربەخۆیی کوردستان کردبوو.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٥ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی، ئەنجامی ڕێفراندۆمی هەرێمی کوردستانی بڵاو کردەوە کە به ڕێژەی (٧٢.١٦%)ی دەنگدەران لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم و کوردستانیانی دەرەوە بەشداریی پرۆسەکەیان کردبوو و به رێژەی (٩٢.٧٣%) دەنگی بەڵێ و (٧.٢٧%)یش بە نەخێر دەنگیان دا.