کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میدیاکانی ئیسرائیل: حەسەن سەیاد خودایی جێنەشینی فەرماندەی یەگانی ٨٤٠ی سپای پاسداران بووە

12:54 - 2 جۆزەردان 2722

بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ١ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی لە شەقامی ''موجاهیدینی ئیسلام" پاسدار ''حەسەن سەیاد خودایی'' بە ٥ گولـلە کوژرا.

چەند کاتژمێر دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە، میدیاکانی ئیسرائیل باسیان لەوە کرد کە ''حەسەن سەیاد خودایی'' جێنەشینی فەرماندەی یەگانی ٨٤٠ی سپای تێرۆریستی قودس بووە کە یەکێک لە ئەرکەکانی پیلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر شارۆمەندان و بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل بووە.

هەروەها هەواڵدەریی "وان.نێت" بڵاوی کردەوە کە "حەسەن سەیاد خودایی" بەرنامەداڕێژەری دەیان عەمەلیاتی تێکدەرانە بە دژی ئیسرائیل و جوولەکەکان لە زۆر شوێنی جیهان بووە.

میدیاکانی ڕێژیمی ئێران لە زاری سپای پاسداران باسیان لەوە کردووە کە ''ئەو هەوڵە لەلایەن دژبەرانی ئینقلاب و کەسانی سەر بە زۆردارانی جیهانی ئەنجام دراوە''.

هەروەها ڕادیۆ ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، ئەو پاسدارە کوژراوە لە تاران بۆ ئەنجامدانی هەوڵی تێرۆریستی لە "قێبرێس و یۆنان" دژی بەرژەوەندیی شارۆمەندانی ئیسرائیلی پیلانی داڕشتبوو.

میدیاکانی ئیسرائیلی باسیان لەوە کردبوو، ئەو ئەندامەی لقی قودسی سپای پاسداران لە داڕشتنی بەرنامەی هێرش بۆ سەر شارۆمەندان و بەرژەوەندیی ئیسرائیل لە وڵاتانی ''تورکیە، قێبرێس، کۆلۆمبیا و ئافریقا ڕۆڵی هەبووە، هەر بۆیە چەندین مانگە لەژێر چاوەدێریدا بووە.