کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میشێل باشلە، لەسێدارەدانی زیندانییانی کوردی لە ئێراندا مەحکووم کرد

18:52 - 21 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: کۆمیسەری مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە وتووێژێکدا لەسێدارەدانی زیندانییانی سیاسیی کوردی لە ئێران مەحکووم کرد.

میشێل باشلە، لە یەکەمین  وتاری خۆیدا، وەک کۆمیسەری باڵای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٩ی خەرمانان، ڕەخنەی لە دەسبەسەرکردنی پارێزەران گرت.

 وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لە بارەی لەسێدارەدانی سێ زیندانیی سیاسیی کورد، بە ناوەکانی "ڕامین حوسێن‌پەناهی، زانیار و لوقمان مورادی" لە ئێراندا،  ئەم کردەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی مەحکووم کرد.

باشلە لە وتەکانی خۆیدا باسی لەوە کردووە، کە زیندانییانی سیاسیی کورد، لە زیندانەکاندا ئەشکەنجە دەکرێن، لە دادگایکردنێکی نادادپەروەرانەدا حوکم دەدرێن و لەسێدارە دەدرێن.

ناوبراو سەرەڕای مەحکوومکردنی دەسبەسەریی ئەم دواییانەی چالاکانی مافی مرۆڤ و پارێزەران، داوای لە ڕێژیمی ئێران کردووە، کە هەرچی زووتر ئەم گیراوانە ئازاد بکات و  ڕێز لە مافی ئازادیی بەیان و ئازادیی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگای ئێراندا بگرێت.