کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٤.٨ میلیارد تمەن دۆلاری ٤٢٠٠ تمەنی ون بووە

18:34 - 26 خاکەلێوه 2720

سەرۆکی دیوانی موحاسباتی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە، لە پرۆسەی دابەشکردنی دۆلاری ٤٢٠٠ تمەنیدا، ٤.٨ میلیارد دۆلار ون بووە کە هیچ کاڵایەکیشی پێ هاوردە نەکراوە.

"عادل ئازەر"، سەرۆکی دیوانی موحاسباتی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خاکەلێوە، لە کۆبوونەوەی فەرمیی مەجلیسدا ڕایگەیاندووە، بڕی ٣١ میلیارد تمەن دراوی ٤٢٠٠ تمەنی لەنێو بازاڕدا بڵاو کراوەتەوە؛ بەڵام هیچ ڕوونکردنەوەیەک سەبارەت بە چۆنیەتیی خەرجبوونی ئەو دراوە نەداوە.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم وتوویەتی، بڕیار بووە نزیکەی ١٢ هەزار میلیارد تمەن، بۆ سەرباقیی نرخی دراوەکە بە بانکەکان بدرێتەوە، بەڵام ١٠ هەزار و ٥٠٠ میلیارد تمەنی ئەو بڕە پارەیە هێشتا نەدراوەتەوە.

ساڵی ٩٧ی هەتاوی پاش چەند ڕۆژ قەیرانی دراو لە ئێران، "ئسحاق جەهانگیری"، جێگری یەکەمی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی ٢٠ی خاکەلێوە، وتبووی، بەپێی پەسندکراوی ستادی ئابووری، دۆلار بە نرخی ٤٢٠٠ تمەن بڵاو دەکرێتەوە و نرخەکانی دیکە نایاسایی دەبن.

پاش زۆربوونەوەی ڕەخنە و گازندەکان سەبارەت بەو بڕیارە، ڕێژیم ڕایگەیاند، دراوێک کە بەو نرخەوە بڵاو دەبێتەوە تایبەتە بە هاوردەکردنی کاڵا پێویستەکان.

سەرەڕای ئەوە نوێترین ڕاپۆرتی دیوانی موحاسباتی ڕێژیم دەریخستووە، بڕی ٤.٨ میلیارد دۆلار ونه و هیچ شتێکیش هاوردە نەکراوە.