کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٥ میلیارد یۆرۆ دراوی هەناردەکردنی ئێران نەگەڕاوەتەوە

19:32 - 6 گەلاوێژ 2720

بەڕێوبەری ئیدارەی هەناردەکردنی بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئێران بە پشتبەستن بە پەروانەکانی هەناردەکردن کە لە گومرۆک وەریگرتووە ڕایگەیاندووە کە بەگشتی ٢٥ میلیارد یۆرۆ نەگەڕاوەتەوە سووڕی ئابووریی وڵات.

"سەمەد کەریمی"، بەڕێوبەری ئیدارەی هەناردەکردنی بانکی ناوەندی بە پشتبەستن بە پەروانەکانی هەناردەکردن کە لە گومرۆکی وەرگرتووە ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی ساڵەکانی ٩٧ و ٩٨دا، ٥٦ میلیارد و ١٠٠ملیۆن یۆرۆ هەناردەکردن ئەنجام دراوە کە لەو بڕە هەناردەکردنە تەنیا ٣٣ میلیارد و ٦٠٠ ملیۆن یۆرۆی گەڕاوەتەوە.

ئەو ئامارە بەبێ حیسابکردنی هەناردەکردنی شیرکەتەکانی میللیی نەوت، پاڵاوتن و بڵاوکردنەوەی پێکهاتە نەوتییەکانی ئێران و گازی ئێران حیساب کراوە.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردووە کە ٢ میلیارد و ٥٠٠ ملیۆن یۆرۆ کووتاژی هەناردەکردنی عێراق و ئەفغانستان لە ساڵی ٩٧دا هێشتا نەگەڕاوەتەوە سووڕی ئابووریی وڵات.

بەو پێیە بە وتەی "کەریمی"، ڕێژەی نەگەڕانەوەی دراو بۆ سووڕی ئابووریی ئەو وڵاتە لە ساڵەکانی ٩٧ و ٩٨دا ٢٥ میلیارد یۆرۆ بووە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم هەروەها ڕایگەیاندووە کە نزیکەی ٢ هەزار و ٤٠٠ هەناردەکار کە لەو دوو ساڵەدا نزیکەی ٢٤ میلیارد یۆرۆ هەناردەکردنیان بووە، تا ئێستا تەنیا ٦ میلیارد و ٤٠٠ ملیۆن یۆرۆی هەناردە کردنەکەیان گەڕاوەتەوە.

بەشێکی گەورە لەو هەناردەکردنانە کە هەناردەکردنی "غەیرە نەوتی" ناوی لێ دەنرێت، پەیوەندیدارە بە کاڵا پێترۆشیمییەکان کە بەرهەمهێنەرانی زیاتر شیرکەتە "خسوولەتییەکانـ"ـی گرێدراو بە ناوەندە حکوومەتییەکان و ئۆرگانەکانی ڕێژیم وەکوو سپای تیرۆریستی پاسدارانن.