کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٥میلیشای چەکداری سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ئاکامی هێرشی ئیسرائیل لە سووریە کوژران

18:33 - 14 گەلاوێژ 2720

چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە ڕۆژی سێشەممە ١٤ی گەلاوێژ، لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە ١٥ کەس لە گرووپە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ''ئەبوو کەماڵ'' لە سنووری عێراق لەگەڵ سووریە بەهۆی هێرشی هەوایی ئیسرائیلەوە کوژراون.

چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە ڕایگەیاندووە کە سەرجەم ئەو کەسانەی کە لەم هێرشەدا لە ''ئەبوو کەماڵ'' کوژراون، میلیشیا چەکدارەکانی عێراق سەر بە ڕێژیمی ئێران بوونە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، پایگای "ئیمام عەلی'' کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دروست کراوە، بەتوندی بۆردومان کراوە.

هاوکات ''بێنیامین نێتانیاهوو'' سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دوای ئەم هێرشە وتوویەتی: ''ئێمە گرووپە چەکدارەکان و کەسانێک کە ئەم گرووپانەی ڕەوانە کردووە، کردووەتە ئامانج، ئێمە هەر کارێک بۆ بەرگری لە خۆمان پێویست بێت ئەنجامی دەدەین''.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە شەوی یەکشەممە ١٢ی گەلاوێژ، ئەرتشی ئیسرائیل لە هێرشێکدا چەندین میلیشای چەکداریان لە سنووری نێوان ئیسرائیل و سووریە کە لە حاڵی دانانەوەی ماددەی تەقەمەنی بوون، کردبووە ئامانج.

ئیسرائیل بوونی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و گرووپە میلیشیا تێرۆریستییەکانی سەر بەو ڕێژیمە لە خاکی سووریە، بە هەڕەشەی جیددی بۆ سەر وڵاتەکەی دەزانێت و بەردەوام بنکە و بارەگاکانی ئەو هێزانەی کردووەتە ئامانجی هێرشەکانی خۆی و زیانێکی زۆری ماڵی و گیانییان بە ڕێژیمی ئێران گەیاندووە.